بیانووی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی کورتبوونی قژییەتی

مەرزیە ئەمیری، ڕۆژنامەنووسی ئێرانی بە کەفالەت ئازادکرا، سەمیرە ئەمیری خوشکی لەبارەی تاوانەکەیەوە وتی: "یەکێک لەو شتانەی کە خوشکەکەمی پێ تاوانبار دەکرێت ئەوەبوو کە قژی بڕی و هانی گەندەڵی داوە".

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینەکانی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران کە پاش کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد بەردەوامە، حکومەتی ئێران بەردەوامە لە فشارەکانی لەسەر خەڵک و بە تۆمەتی دوور لە ڕاستی سزای دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنیان دەدات یەکێک لەوانە ڕۆژنامەنووس مەرزیە ئەمیرییە.

 

سەمیرە ئەمیری، خوشکی ڕۆژنامەنووس مەرزیە ئەمیری لە ئەکاونتی ئینستاگرامەکەیدا ئەمەی سەبارەت بە تاوانەکانی دژ بە خوشکەکەی بڵاوکردەوە: "یەکەم دانیشتنی خوشکم مەرزیە ئەمیری لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕش بەڕێوەچوو خوشکەکەم بە تۆمەتی 'هاوکاری نهێنی' 'هاندانی گەندەڵی و پروپاگەندە دژی ڕژێم' دادگایی کرا، خوشکەکەم هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە".

 

ڕۆژنامەنووس مەرزیە ئەمیری ڕۆژی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لەلایەن سەربازان و پۆلیسی ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیرکرا و بردرایە زیندانی ئێڤین،  دوای ٤٧ ڕۆژ لەزیندان، دوای تەواوکردنی کاروبارەکان بەکەفالەت ئازاد کرا، مەرزیە ئەمیری پێشتر بە تۆمەتی بڵاوکراوەکانی لە میدیا دیجیتاڵییەکان دەستگیرکرابوو.