ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە زیندانیکردنی ژنان

لەگەڵ دەستپێکی شۆڕش لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە دەستگیرکردن و سزادان و ئەشکەنجەدانی ژنانی وڵاتەکە و ڕووبەڕووی چەندین شێوازی توندوتیژی و دەستدرێژی کردوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە گرتن، ئەشکەنجەدان و زیندانی کردنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەڵام ژنان بەردەوامن لە بەرخۆدان و ناڕەزایەتییەکانیان بە چەندین شێواز دژی نادادییەکانی ڕژێمی ئێران.

 

ئازادکردنی لەیلا ناسری بە کەفالەت

لەیلا ناسری، یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی ڕاپەڕینی شۆڕشی ئێران، بەشێوەیەکی کاتی بە کەفالەت تا کۆتایی دانیشتنەکان لە زیندانی مەراغا ئازاد کرا.

 

باس لەوەش کراوە کە لەیلا ناسری لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێی دراوە و بۆ زیندانی ژنانی مەراغا گواستراوەتەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانە نییە کە بڕیارە بخرێنە پاڵی.

 

ئیلهام پاوەنژاد، مەهتاب کەرامەتی و ئازاد سەمەدی بانگهێشتی دادگای ئەڤین کران

هەریەک لە هونەرمەندانی سینەما و شانۆی ئێرانی ئیلهام پاوەنژاد، ئازاد سەمەدی و مەهتاب کەرامەتی بانگهێشتی دادگای ئەڤین کران و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کران.

 

ئیلهام پاوەنژاد، پێش کوشتنی کیان پیرفلەک و دوای کوشتنی کیان پیرفلەک، وەک نیشانەی ناڕەزایەتی و لە کۆمەڵگەی دایکان و باوکانی خەمبار حیجابی ئیجباری لابرد، بە بیانووی بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ ئەوەی لەلایەن حکومەتەوە پێی دەوترێت "ئاژاوەگێڕی" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە کرا.

 

هەروەها مەهتاب کەرامەتی و ئازاد سەمەدی پشتیوانی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکان ڕاگەیاند، لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی سەرتاسەری وڵاتدا، هەزاران خۆپیشاندەر دەستگیر کراون کە ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانیان تێدایە.

 

یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی ژنانی ئێران، حیجابی ئیجباری لابرد

ڕازیە جانباز، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی ژنانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، دژایەتی خۆی بۆ حیجابی ئیجباری ڕاگەیاند.

 

هاوکات لەگەڵ بەشداریکردنی وەرزشوانان و هونەرمەندان بە بزووتنەوەی ئازادی ژنان، ڕازیە، یاریزانی دێرین لە تۆپی دەستی ژنانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، دژایەتی خۆی بۆ حیجابی ئیجباری ڕاگەیاند.

 

لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی: "سەیرکە، ئێستا زۆر بە ئاسانی قسە دەکەم، ئیتر چاوەڕێی ئازادی نیم، من بە ئازادی ڕەفتار دەکەم، ئەگەر دەتوانی سنووردارم بکە".

 

پێشتریش بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام لە هەڵبژاردەی تۆپی دەستی میللی کشایەوە و نووسیبووی: وەک ڕێزێک بۆ ڕۆحی خوشکم مەهسا ئەمینی و هەموو ئەو کچانەی خاکەکەم کە دەنگیان نەبیسترا لە پاڵیان دەوەستمەوە، ئێستا لە هەموو ئەرکێک واجبترە لەگەڵ خەڵکدا هاوئاهەنگ بیت، ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەی نیشتمانی دەکەم.