لە ئەوروپا شوێنەوارێک دۆزرایەوە بۆ سەدەی بەردینی کۆن دەگەڕێتەوە

شوێنەوارێکی ناوچەی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سانت گۆن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا دۆزرایەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بەردینی کۆن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێمی مارتینۆ، توێژەر لە سەنتەری نیشتمانی بۆ توێژینەوەی زانستی (CNRS)لەگەڵ تیمەکەیدا ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەی سانت گۆن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا دۆزیوەتەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بەردینی کۆن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ١٥٠ ساڵ بەسەر دۆزینەوەی یەکەم کەرەستەی بەرد لە ناوچەی شوێنەوارەکەدا تێپەڕیوە.

 

تا ئێستا شوێنەوارناسان ١٥ بەردی گەورەی گرانێتییان دۆزیوەتەوەم کە بەسەر ڕووبەری ٤٥٠ هێکتار لە تاڵاوەکانی سان گۆن بڵاوبوونەتەوە، هەروەها ١٣٥ گۆڕی بەکۆمەڵیش لە ژێر زەویدا دۆزراوەتەوە.

 

لەناو دۆزراوەکاندا، ٥ بەردی گۆڕی زەبەلاح و ١٠ بلۆکی بەردین بۆ تیژکردنەوەی کەرەستە و ئامێرە کشتوکاڵییەکان هەبووە، شوێنەوارناسەکان خستیانەڕوو، ئەم دۆزینەوەیە وێستگەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە "ڕێکخراوی ئابووری و کۆمەڵایەتی و جوگرافی لە سەردەمی بەردیندا" ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ هاوشێوەیەک بۆ ئەم گروپە یەکگرتووە لە ئەوروپادا نییە".

 

ئەم گوندە دێرینە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینە نوێیەکان لە نێوان ساڵانی ٣٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠ پێش زایین.

 

شوێنە نیشتەجێبوونەکە بە دەوری گردێکدا دۆزرایەوە، یەکەمین باڵەخانە لە شێوەی قوبە لەناو دیوارەکەدا دەرکەوت و چاڵێکی گەورەی پاشماوە بە تیرەکەی ٢٠ مەتر و بیریشی تیادا بووە، بەپێی شوێنەکە دەرکەوتووە، خەڵکی گوندەکە جووتیار و ئاژەڵدار بوون کە لە نزیک سەرچاوەیەکی ئاوەوە نیشتەجێ بوون.