"لە کوێ قڕ بکرێین، لەوێ دەنگ بەرز دەکەینەوە"
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی (لۆزان-١٠٠) لە ساڵیادی تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان و دابەشکردنی کوردستاندا، سەکۆی گەنجانی کوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە دەستپێکی چالاکییەکانیان ڕاگەیاند.
هەڵەبجە
ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهیدان لە پارێزگای هەڵەبجە، سەکۆی گەنجانی کوردستان دەستپێکی زنجیرە چالاکییەکانی (لۆزان-١٠٠)یان دوای تێپەڕینی ١٠٠ ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان و دابەشکردنی کوردستان و بۆ خستنەڕووی لێکەوتەکانی، ڕێکخست.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا بەڵێن عیزەت میکە، ئەندامی سەکۆکە، وتاری سەکۆی گەنجانی کوردستانی خوێندەوە و خستیەڕوو کە لۆزان دەستپێکی دابەشکردنی کوردستان و قڕکردنی گەلی کورد بوو، بۆیە پێویستە مەترسییەکانی ئەو پەیماننامەیە بۆ گەلی کورد ڕوون بێت، پاشان مەراسیمەکە بە چەند چالاكییەكی وەک پانێل، هۆنراوە، پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی ڤیدۆیی لەسەر مەترسیەكانی پەیماننامەی لۆزان بەردەوام بوو.
شەیدا رەئوف، بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەکۆی گەنجانی کوردستان لەبارەی کار و چالاکییەکانەوە وتی: زنجیرە چالاکی لۆزان-١٠٠ لە دوای سەد ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان وەکو سەکۆی گەنجانی کوردستان ڕێکمان خستووە، لە ماوەی سێ مانگدا خەریکی ئامادەکارین، ماوەی چالاکییەکانمان مانگێک دەخایەنێت، داواکاریمان لە گەنجان ئەوەیە کە بەشداری لە چالاکییەکاندا بکەن.
لەبارەی هەڵبژاردنی شاری هەڵەبجە، شەیدا ڕەئوف وتی: هەڵبژاردنی شاری هەڵەبجەش بۆ دەستپێکی چالاکییەکانمان، ئەوەیە کە جینۆسایدی سەر گەلی کورد بە چەندین شێواز بەڕێوەبراوە، هەڵەبجەش یەکێکە لەو شوێنانەی ڕووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە، ئامانجمانە بڵێین لەو شوێنەی کە قڕمان دەکەن، لەوێوە دەنگ بەرز دەکەینەوە.
ئامادەکارانی چالاکییەکانی لۆزان-١٠٠ بانگەواز دەکەن کە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بەشدار بن و بە هەڵویستی خۆیان بخەنەڕوو، تا بتوانین لۆزان ڕەت بکرێتەوە، هەروەها لە چالاکی دەستپێکدا، ژنان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان تێدا کردبوو.
چیا حەسەن لە شاری سلێمانیەوە بەشداری کردووە و بە گرنگی دەزانی کە گەنجان ئاگاداری ئەو دۆخە تراژیدیایانە بن کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم ڕووی لە کورد کردووە، وتیشی: دەکرێت دەسەڵات و کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئەم سیمینارانەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستادا بکەن، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە گەنجان لەم چالاکیەدا پەیامیان پێیە و پەیامی یەکگرتووی و ناساندنی ناسنامەی کورد بڵاو دەکەنەوە.
تابان حمە ئەمین، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، لە دەربەندیخانەوە بەشداری مەراسیمەکە بوو، باسی لەوەکرد، لەدوای ١٠٠ ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان و دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار پارچە، بەڵام لەم کات و چالاکییەدا دەیسەلمێنن کە خەونەکانیان دەهێننەدی و کوردستان دەکەنەوە بە یەک نەخشە و وتی: ئێمە خەونی ئەردۆغان لە گۆڕ دەنێین و ناهێڵین ئەو بەڵێنە بەرێتە سەر، ئێمە بە خوێن و گیان پشتگیری لە هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی لۆزان دەکەین و لە پاراستنی نیودەوڵەتی داواکارین، کە کوردستان بکەنەوە یەک پارچە.
چالاکییەکانی لۆزان-١٠٠ بە دابەشکردنی نامیلکە و هەڵدانی باڵۆن کۆتایی پێهات، بڕیارە چالاکییەکان ماوەی یەک مانگ بەردەوامی هەبێت لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان.