ئامارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا؛ ٤٦ هەزار و ١٠٤ کەس گیانیان لەدەستداوە

بەگوێرەی ئەو زانیارییە فەرمییانەی شەوی ڕابردوو ڕاگەیەندران، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٤٦ هەزار و ١٠٤ کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکەپە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی دا و ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە، کە ٦ی شوبات ڕوویدا و ناوەندەکەی مەڕەش بوو، لە باکووری کوردستان و تورکیا، گەیشتووەتە ٤٦ هەزار و ١٠٤ کەس.

 

ئامارە فەرمییەکان تا ئێستا ژمارەی ڕاستەقینەی کارەساتەکەیان نەخستووەتەڕوو، دەوڵەتی تورکیا بە تۆمارکردنی هەڵەی زیانی کارەساتەکە، دەخوازێت گەورەیی زیانەکان بچوک بکاتەوە و لە ڕای گشتی بشارێتەوە، لە بەرامبەردا هاوڵاتیانی قوربانی بوومەلەرزەکە باس لەوەدەکەن کە، بەشێکی کەسوکارەکەیان بێ تۆمارکردن نێژراون، بەشێکی دیکەیان بە مردنی ئاسایی لە قەڵەمدراون، هەروەها دەوڵەت کەسانی زیندوو بە مردوو و کەسانی مردوو بە زیندوو تۆمار دەکات، گیان لەدەستدانی چەند کەسێکی خێزانێکیش بە ناوی یەک کەسەوە تۆمار دەکات، ئەمەش لەپێناو شاردنەوەی ئاماری ڕاستەقینە بە سیاسەت دەکرێت.