ژنانی ئەفغانستان پێداویستی منداڵبوونیان پێناگات

نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی لە دۆخی ژنان لە ئەفغانستان دەدات و لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دۆخی ژنانی ئەفغانستان لە مەترسیدایە و هەر دوو كاتژمێرێک ژنێك لە كاتی منداڵبوون و بەر لە منداڵبوون گیان لەدەستدەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٨ی ئاب، سندووقی دانیشتووانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە دۆخی ژنانی دووگیان لە ئەفغانستان بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ژنانی ئەفغانستان ناتوانن دەرمان و خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان لە بواری منداڵبوون پێبگات.

 

لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردنی ژنانی دووگیان لە ئەفغانستان كراوە کە لە شوێنە دوورە دەستەكان و زۆربەی ئەو ناوچانەی شەڕ تێیدا ڕوویداوە مەترسی لەسەر ژیانی ژنانی دووگیان هەیە بەهۆی ئەوەی خزمەتگوزاری پزیشكی و دەرمانیان پێناگات.

 

ناتالیا كانێم، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەكگرتووەكان خستییەڕوو کە مانگانە نزیكەی ٢٤ هەزار حاڵەتی منداڵبوون لە ناوچە دوورەدەست و گوندەكانی ئەفغانستان تۆمار دەكرێت، لە دوو كاتژمێردا ژنێك لە كاتی منداڵبوون و بەر لە منداڵبوون، گیان لەدەستدەدات.