پەرلەمانتارێک: ساڵ لەدوای ساڵ خەرجی سندوقی تەندروستی زیادیکردووە

پەرلەمانتارێک ئاشکرای دەکات کە کەمی دەرمانی نەخۆشخانەکان بەندە بەو خەرجییەی کە دوور لە داهاتی سندوقی تەندروستی بەکاردێت، دەشڵێت دەرمان بە قاچاخ دەهێنرێتە ناو هەرێمەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شنۆ ئەشقی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەنەکە لەبارەی بە قاچاخ هێنان و کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەکاندا دەڵێت: بەگوێرەی بەدواداچوونی ئێمە، وەزیری تەندروستی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی بە نایاسایی ئیدارەی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبوانی شێرپەنجەی دا، لە ئێستادا سندوق نزیکەی ٧٠ ملیار دینار قەرزدارە، کە شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی دەرمانە و نەکراوە بە چەک.

 

هەروەها بڵاوی کردووەتە کەلە ساڵی ٢٠١٩دا داهاتی سندوق ٢٣ ملیار دینار بووە، خەرجی ٤٠ ملیار دینار بووە، لەساڵی ٢٠٢٠دا داهاتی سندوق ٣٦ ملیار دینار بووە، بەڵام خەرجی ٧٠ ملیار دینارە، لە ساڵی ٢٠٢١ داهاتی سندوق ٧ ملیار دینار بووە و خەرجی ٤٣ ملیار دینار، بەو پێیە ساڵ لەدوای ساڵ خەرجی سندوق زیادیکردووە.

 

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە وەزیری تەندروستی بودجەی ساڵانەی بۆ پڕۆژەکان لەسەر داهاتی سندوق پەسەند نەکردووە، کە بەندە لە دوو کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی ڕاستەوخۆ ئەم پرسیارەمان لێ کردوون و بە نووسراوی ڕەسمیش ماوەی پێنج مانگە کە ئاڕاستەمان کردوون وەڵامیان نەداوەتەوە، بەو هۆیەشەوە نەخۆشخانە گشتیەکان دووچاری کەمی دەرمان و تەواوی  پێداویستی پزیشکی بووەنەتەوە.

 

شنۆ ئەشقی دەربارەی دۆخی هاوڵاتیان ئاماژەی بەوەدا چونکە لە نەخۆشخانە گشتییەکان دەرمانی پێویست نییە، هاوڵاتیان ناچارن ڕوو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بکەن و نەخۆشخانەی گشتیش بە گڵۆپی سەوزی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی ناچارن ڕوو لە دەرمانی قاچاغ بکەن، بە جۆرێک (قاچاغچی دەرمان) بە ڕۆژی ڕووناک دەرمان بۆ نەخۆشخانە گشتیەکان دابین دەکەن.