ژنێک بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستدا

تەرمی ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ کە بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەست دابوو، لە وێستگەی بی ئاڕ تی لە تاران دۆزرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ئەو زانیاریانەی ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردۆتەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، تەرمی ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ کە بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەست دا، لە وێستگەی بی ئاڕ تی لە ناوچەی بنکەی پۆلیسی 'ئایەتوڵڵا سەعیدی' لە تاران دۆزراوەتەوە.

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەم ژنە ئامادە نەبووە بچێتە داڵدەدانی ژنان و لە وێستگەی بی ئاڕ تی شەوانی بەڕێکردووە، بەڵام سەرما نەیهێشتووە درێژە بە ژیان بدات.

 

بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، هەڵاوسانی بێکاری، هەژاری و کەمبوونەوەی داهات لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێرانی خستووەتە ژێر هێڵی هەژاری و ڕۆژانەش زیادبوونی ژمارەی بێ ماڵ و حاڵەکان ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەپێی ئامارە فەرمییەکان جیاوازی ئاستی داهاتی خەڵکی دەوڵەمەند و هەژار لە کۆمەڵگادا زۆر گەورەیە و ساڵانە ئەم جیاوازییە زەقتر دەبێتەوە، بەجۆرێک هەندێک کەس دەسەڵاتی دابینکردنی هیچ جۆرە پێداویستییەکیان بۆ خۆیان نییە.

 

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی دابین کردنی پێداویستییەکانی خەڵک، پارەی ئەم وڵاتە بۆ شەڕخوازی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەوساندنەوەی گەلانی ستەملێکراو بەکاردەهێنن، ڕێگا نادەن خەڵک هیچ ناڕەزایەتییەک دەربڕێت، و هەموو ئەوکەسانەی ناڕەزایەتی دەکەن هەڕەشەیان لێدەکەن و دواتر دەستبەسەریان دەکەن.