کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان سیمینارێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕێکخست

بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، لە یەکەم ڕۆژی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شاری کۆیە سیمینارێک بەڕێوەچوو.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- بە دروشمی”بۆ پێشەوە لە پێناو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادو دوور لە چەوسانەوە"، کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لیژنەی ناوچەی کۆیە، سیمینارێکی بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامدا.

 

سارا ئازد، سەرۆکی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگار بوونەوەی توندووتیژی وەک یەکەم چالاکی ئەم هەڵمەتە سیمینارەکەیان ئەنجامدراوەو وتی:  ئامانج هۆشیار کردنەوەی ژنانە لە توندوتیژیەکان و ئەو هۆکارانەی وادەکەن توندووتیژیەکان لە کۆمەڵگەی ئێمە لە زیاد بووندابن، توندوتیژییەکان زۆرن وەک ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، توندوتیژی جەستەیی، دەروونی و توندوتیژی سیاسی کە ئێستا زۆرتین توندتیژیە بەرامبەر بەژنان دەکرێت، ئەمانە وادەکەن توندوتیژی ڕوو لە زیاد بوون بێت.

 

ئامانج خستنەڕووی چارەسەرە بۆ ڕێگری لە توندوتیژی

ئاماژەی بەوەشدا،ئامانجی هەموو ڕێکخراوەکان لەم هەڵمەتە ١٦ ڕۆژیە ئەوەیە ،چارەسەر دەخرێتەڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان بۆنمونە،چاودێری بخرێتە سەر کەناڵ و پەیج و سایتەکان بۆ ئەوەی بەدووربن لە پەخشکردنی ئەو فیلم و بەرنامانەی کە لەگەڵ دابونەریت و کولتووری کوردەواری ناگونجێن، هەروەها ڕێگری کردن لە بڵاوبونەوەی چەکی بێمۆڵەت، لە لایەن لیژنەی ژنانەوە پێداچوونەوە بۆ ئەویاسایانە بکرێت کە لەبەرژەوەندی ژنانەو  مافەکانیان دەپارێزن، وتی: واتە زیاتر بۆ ئەو چارەسەرییانە دەگەڕێین کە لە گەڵ بارودۆخی کوردستان دەگونجێت بۆ نەمانی توندوتیژی.

 

لە کۆتایی سیمینارەکەدا ئاماژەی بەوەدا،جۆری توندوتیژیەکان لە ڕابردودا جیاواز بوو جۆرەکانی لە ئێستادا زۆر و جیاوازن، وتیشی:  لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت ،زۆر جار گوێمان لێدەبێت دەڵێن ڕێکخراوەکان کاری باش ناکەن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان، دەڵێم بە پێچەوانەوە هەندێک ڕێکخراو کاری زۆر باشیان کردووە لە گەڵ ئەوەدابوون یاسای باش هەبێت بۆ پشتگیری کردنی ژنان، ڕێکخراوەکان هەوڵدەدەن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان، بەجۆرێک ئەو توندوتیژیانەی لە ئێستادا هەن لە ڕابردوودا بونیان نەبووە،هەربۆیە بەڕێگای جیاواز چارەسەری دەخەنەڕوو وەک کۆڕ و سیمینارو دەرکردنی بەیاننامەو کاری هاوبەش و جۆرەها چالاکی دیکە.