٥٠ کارمەندی خۆبەخشی تەندروستی لە گەرمیان خەڵاتکران

لە رۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژناندا، ناوەندی رێکخراوەکانی ژنان لە گەرمیان مەراسیمێکیان ئەنجامدا و تێیدا جگە لە باسکردن لە بارودۆخی ژنان، ٥٠ ژنە کارمەندی تەندروستیش خەڵاتکران.

گەرمیان

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنانی گەرمیان سەردانی نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب-یان کرد، کە تایبەتە بە نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون.

 

ژنانی چالاکوان سیمینارێکیان لەبارەی بارودۆخی ژنان بۆ کارمەندانی نەخۆشخانە پێشکەشكرد، مژدە محەمەد، بەرپرسی لقی کەلاری یەکگرتووی خوشکان لەبارەی چالاکییەکەوە بە ئاژانسی نوژنهای وت: بەبۆنەی ٨ی مارسەوە پیرۆزبایی لە تەواوی ژنانی کوردستان دەکەم و ئومێدم وایە ئەم رۆژە پاڵنەرێکی باش بێت بۆ ئێمەی ژنان، تاوەکو بتوانین پێکەوە کاربکەین و بگەین بە تەواوی مافەکانمان، پێکەوەش بەرامبەر ئەو نادادییانە بووەستینەوە، کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.

 

هەر لە مەراسیمەکەدا خەڵات بەسەر ٥٠ ژنە کارمەندی خۆبەخشی نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیبی تایبەت بە ژنان و منداڵبوون دابەشکرا، لە بەرانبەر ئەو خزمەتەی پێشکەشی ژنانی ناوچەکەی دەکەن

 

شنۆ ئیبراهیم، یەکێکە لە ژنە کارمەندە خۆبەخشەکانی نەخۆشخانەکە و پاش وەرگرتنی خەڵاتەکە بە دڵخۆشیەوە باسی لەم گرنگیپێدانە کرد و وتی: سەرەڕای ئەوەی ئەرکێکی زۆرمان لەسەرە و هەمیشە پشتگوێخراوین، بەڵام جێگەی دڵخۆشییە ئەمڕۆ ئێمەیان بەسەرکردەوە، هیوادارم رێکخراوەکانی ژنان زیاتر هانی ژنان بدەن بۆ ئەوەی ئێمەش بوێرانەتر و ئازایانەتر ڕووبەڕووی  بەربەستەکان ببینەوە، دەبێت ئەوان گەیەنەری دەنگی ئێمەبن.