بەیاننامەی تەڤگەری ئازادی کوردستان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ کە بەهۆی لێدانی لەلایەن کارمەندانی دەوریەی ئیرشادەوە بە بیانوی باش نەپۆشینی لەچکی سەری، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ کە بەهۆی لێدانی لەلایەن کارمەندانی دەوریەی ئیرشادەوە رووبەڕووی بێهۆشی و جەڵتەی دڵ و مێشک بووە و گیانی لەدەستدا، ئەمەش ناڕەزایەتی ژنان، هاوڵاتیان بە گشتی و چالاکوانن و ڕۆشنبیرانی لێکەوتەوە، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیش بەیاننامەیەکی بۆ مەرگی ژینا بڵاوکردەوە.

 

ناوەڕۆکی بەیاننامەکە:

 

ئێمە وەکو ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان پرسە وسەرخۆشی خۆمان ئاڕاستەی تەواوی ژنانی کوردستان بەگشتی و بە تایبەتی ژنانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و شاری سەقزی خۆراگر و بنەماڵەی شەھید ژینا سەقزی دەکەین .

دوای ئەوەی "مەهسا ئەمینی" بەبیانوی باش نەبەستني لەچکی سەری و دەرکەوتنی کەمێک لەقژی ، دەستگیر دەکرێت لەزیندان بەشێوازێکی دڕندانە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان و توندوتیژی دەکەنەوە بەو ھۆیەوە دواتر گیانی سپارد.

 

ئەم جۆرە لە ئازاردانی جەستەیی ھەر لەسیستمێکی ئاوھا دژە ئازادی و دیموکراتی دەوشێتەوە دەوڵەتی ئاینگەرایی ومەزھەبگەرایی ئێران لەسەر بنەمای توندو تیژی و سڕینەوەی جیاوازیەکان درووست بووە، ھەر بۆیە ھێزە ئەمنیەکانیش لەبەرگی مرۆڤبوون چوونەتەدەرەوە ھاوشێوەی دڕندەترین ئاژەڵ پەلاماری ئەوانە دەدەن ھاوشێوەی سیستم بیر ناکەنەوە ئەم جۆرە لە ئازاردانی جەستەیی کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ پێمان دەڵێت کە ڕۆژھەلاتی ناوین بە ھۆی ئەقلیەتی دەسەڵاتخوازی لە گێژاودایە پێویستی بە ئەلتەرناتیڤ ھەیە کە ئەو سیستەم و ئەقڵیەتە وەلابنێت کۆمەڵگە سیستمی دیموکراتیانەی خۆی ئاوابکات ئەویش پێویستی بە فکرو فەلسەفەیەکی سیاسی و ئەخلاقی و دیموکراتیە کەھەموو مرۆڤەکان تیدا بە جیاوازی بیروڕا و ئاین و مەزھەب و ڕەگەزو نەتەوە جیاوازەکان بە ئاشتی و ئارامی دیموکراتیانە پێکەوە بژین.

 

دواکەوتن لەگۆڕانکاری دیموکراتیانە دەبێتە ھۆی ئەوەی ژیناکان و شیرینەکان و زەینەبەکان لە کونجی زیندانەکان زۆر زیاتر دەبن پاکتاوی جەستەیش ناوەستێت بۆیە گۆرینی ئەو جۆرانە لە سیستمی سیاسی پێویستی بە خەبات و تێکۆشانی گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوین ھەیە یەکێتی نێوان گەلان مسۆگەری تێکشکانی سیستمە چەتە و دکتاتۆرەکان دەکات، ژنان دەتوانن پێشەنگی ئەو گۆڕانکاریە جدیانەبن سەدەی بیست و یەک سەدەی ژنی ئازادە دوژمن لە ھێزو ئەقڵ و باوەڕی و ئیرادەی ژن دەترسێت بە تایبەتی کە بینیمان لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ئیراندا بۆ داواکاری مافە زەوت کراوەکانی ژیانیان ژنانی تەواوی ئێران بە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیشەوە پێشەنگایەتی دەکەن ژنان بۆ ئەوەی کاریگەریان زیاتر بێت و ببنە داینەمۆی گۆڕانکاری جەوھەری گرنگە بەپەروەردەی فەلسەفەی ژنۆلۆژی لەڕوی زھنیەوە خۆیان پێش بخەن بەمەش دەتوانن سیستمەکان بگۆڕن و ڕشتنی خوێنی ژنان بوەستێنن و لەبری کوشتن و ئازاردان فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی دەئافرێنن.

 

دوبارە ھاوخەمی خۆمان و تەڤگەری ئازادی بۆ دایک و باوکی ژیناو ھەموو خێزانەکەی دەردەبڕین ئەو ستمەکاریەی سەر ژنانی ئێران سوک و رسوا و شەرمەزار دەکەین بەڵێن دەدەین بۆ تێکشکانی سیستمی دەسەڵاتخوازی پیاو سالاری کارکردن لە پێناوی بە دیهێنانی هاوسەنگی ڕەگەزی لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بین لەتێکۆشان.

 

ژن ژیان ئازادی 

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان.

سلێمانی ١٧/٩/٢٠٢٢