جەمیلە و نەزیهەت بە مەراسیمێک بە خاک سپێردران

جەمیلە عوسمان مامۆ و نەزیهەت سیدۆ کە دوێنێ لە شارۆچکەی ئەحداسی سەر بە شەهبا لە تەقینەوەیەکدا گیانیان لەدەستدا، بە مەراسیمێک و وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بە خاک سپێردران.

شەهبا

 

هەریەک لە جەمیلە عوسمان مامۆی ٧٧ ساڵ، خەڵکی گوندی بەرکەشی ناوچەی بلبلێی عەفرین و نەزیهەت سیدۆی ٤٥ ساڵ خەڵکی گوندی بافلونی ناوچەی شەررای کانتۆنی عەفرین، کە دوێنێ لە تەقینەوەی خانوویەک لە ناوچەی ئەحداسی سەر بە کانتۆنی شەهبا گیانیان لەدەستدا، لەلایەن دانیشتوانی شەهباوە بە مەراسیمێکی شکۆدار و خولەكێک ڕێزگرتن لە پاكڕەوان بە خاک سپێردران.

 

"بەرخۆدانمان لە ئاوارەبوونیشدا بەردەوامی پێدەدەین"

زەلوخ ڕەشید، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکەین و بۆ برینداران هیوای سەلامەتی دەخوازین، هیچ کاتێک ئازارەکانمان نەبوونەتە ڕێگر لەبەردەمماندا، لە تەقینەوەیەکی نادیاردا دوو ژنی عەفرینی گیانیان لەدەستدا، ژنان ئاگری شۆڕشیان بە‌هێز کرد بۆیە هەمیشە دەبنە جێی ئامانج و لە کەسایەتی ژندا ئیرادە دەشكێنن، بەڵام سەرکەوتوو نابن، ئێمەش بە هەموو ئیرادەمانەوە دەڵێین هیچ کەس ناتوانێت لەبەردەم ئیرادەی ژنان بوەستێتەوە و لە ئاوارەیشدا بەرخۆدانی خۆمان بەردەوامی پێدەدەین.

 

لە کۆتاییدا جەمیلە و نەزیهەت بە وتنەوەی دروشمەکانی "شەهید نامرن، ژن ژیان ئازادی و بژی بەرخۆدانی سەردەم" بە خاک سپێردران.

 


 

ت.پ