گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ دەدۆزرێتەوە

بۆیەکەمجار ڕێژەی هەفتانەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا بەرزبووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکەن، هاوکات ئیسرائیل رایگەیاند کە گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنایان دۆزیوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، لە مانگی یەکی ساڵی رابردووەوە بۆ یەکەمجار رێژەی هەفتانەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا بەرزبووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکەن، هاوکات ئیسرائیل رایگەیاند کە گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنایان دۆزیوەتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، ئەو تووشبووانەی لە هەفتەی دووەمی ئەم مانگەدا تۆمارکراون بەڕێژەی ٪٨ زیادیکردووە بە بەراورد بە هەفتەی یەکەمی مانگەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە ١١ ملیۆن حاڵەتی تووشبوون و ٤٣ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکە لە ماوەی ٧ تا ١٣ی ئەم مانگەدا تۆمارکراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، حاڵەتەکان بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای زەریای هێمن و ئەفریقا بە بەراورد بە هەفتەی پێشوو بەرزبوونەتەوە، بە ڕێژەی ٪٢٩ و ٪١٢ زیادیکردووە، هەروەها ڕاپۆرتیداوە کە زیادبوونی هەفتانە لە ئەوروپا ٪٢ بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور لە هەمان ماوەی ساڵدا ژمارەی حاڵەتە تۆمارکراوەکان کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

 

بەپێی دوایین داتا کە ماڵپەڕی “Worldmeter” بڵاوی کردووەتەوە، تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا ٤٦٢ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، هەروەها گیان لەدەستدان گەیشتووەتە ٦ ملیۆن و ٧٣ هەزار کەس، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە ٣٩٥ ملیۆن و ١٨٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

 

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ئەڵمانیا ڕێژەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە کە هەفتانە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە ، ئەمەش بەپێی داتایەکی نوێ کە ئەمڕۆ لەلایەن دامەزراوەی “ڕۆبەرت کۆخ”ی ئەڵمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە درمیەکان بڵاوکراوەتەوە.

 

پەیمانگاکە رایگەیاندووە، رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس لە ماوەی ٧ رۆژدا ئەمڕۆ گەیشتە ١٦٠٧ تووشبوو، لەکاتێکدا دوێنێ ١٥٨٥ تووشبوو بووە.

 

لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ئەڵمانیا ٢٦٢ هەزار حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ٢٦٩ حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدانی دیکەی تۆمارکرد.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فەرەنسا بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەی تۆمارکردووە، هەرچەندە لە خوار ٢٠ هەزار تووشبووەوە ماوەتەوە، هەروەها بەریتانیا، ئیتاڵیا، سویسرا و هۆڵەندا شاهیدی زیادبوونی تووشبوانن لە ژێر ڕۆشنایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی BA ژێر گۆڕاو 2 BA لە ئۆمیکرۆن.

 

لە وڵاتە ئاسیایەکان، کۆریای باشوور ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد کە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنای تۆمارکرووە لە یەک ڕۆژدا و ئەمەش لەکاتێکدایە کە وڵاتەکە هەوڵدەدات یاساکانی جیابوونەوەی کۆمەڵایەتی زیاتر ئاسان بکات، سەرەڕای شەپۆلی تووشبوون بەو ڤایرۆسە گۆڕاوەی ئۆمیکرۆن.

 

لە بەرامبەردا چین، نزیکەی دوو هەزار تووشبووی نوێی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرد، لە کاتێکدا لە ڕۆژی پێشوودا سێ هەزار و ٦٠٠ حاڵەت بوو.

 

دەسەڵاتدارانی چین کەرەنتینەیان سەپاند کە دەیان ملیۆن کەسی لە سەرانسەری وڵات گرتەوە لەگەڵ توندبوونەوەی شەپۆلی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەو پێیەی لانیکەم ١٣  شار تووشی داخستنی گشتگیر دەبن، لە کاتێکدا کە وڵاتەکە لە مانگی ئازاردا نزیکەی ١٧ هەزار تووشبووی تۆمارکردووە.