لە ئەفغانستان ژنان داوای دانپێدانانی ئاپارتایدی جێندەری دەکەن
ژنانی ناڕازیی شاری باغلان، بە کۆبوونەوە لە شوێنێکی داخراودا خوازیاری دانپێدانانی ئاپارتایدی جێندەری لە ئەفغانستان بوون.

ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ زیادبوونی سنووردارکردنی ژنان لە لایەن تالیبانەوە، ژنانی ناڕازیی باغلان لە شوێنێکی داخراودا کۆبوونەوە و داوای دانپێدانانی "ئاپارتایدی جێندەری"یان لە ئەفغانستان کرد.
ئەم ژنە ناڕازییانە، وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتی سەرکوتگەرانە و "دژە ژن"ی تالیبان، ڕایگەیاند کە ئەم گرووپە نە حکومەت ؛ بەڵکو "تاوان" ئەنجام دەدات.
ئەم خۆپیشاندەرانە، بە جەختکردنەوە لەسەر مافی خوێندنی ژنان، سەبارەت بە لێکەوتەکانی داخستنی قوتابخانە و زانکۆکان بۆ ژنان، ڕایانگەیاند: قوتابخانە داخراو، ئایندەی داخراوە.
ژنانی ناڕازی بەغلان دواجار داوای دانپێدانانی "ئاپارتایدی جێندەر" و کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکانیان بەڕووی ژنان کرد.
لە کاتێکدا تالیبان سنووردارکردنی نوێ بەسەر ژناندا دەسەپێنێت و سەرەڕای داواکارییە دووبارە و زۆرەکانی ژنانی ئەفغانی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لێپرسینەوە لە تالیبان لە بەرامبەر سیاسەتەکانی بۆ سنووردارکردنی ژنان، دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگن.