"دەبێت بازنەیەک بین لە دەوری خۆبەڕێوەبەری و دەستکەوتەکانمان"
عەبیر حەساف، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کرد بۆ سەر ناوچەکە و پەیامی "پێویستە لە دەوری خۆبەڕێوەبەری خۆمان و دەستکەوتەکانمان کۆببینەوە"ی دا .
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ- هێرشی قورس بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە بەردەوامە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دەیان هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، کە زۆربەیان ژن و منداڵن. بەتایبەتی له شاری مەنبج له باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، زۆر کردەوەی نامرۆڤانه و ئەشکەنجه و پێشێلکاری و ڕفاندن لەلایەن چەتەکانەوه ئەنجامدراوه .
دوایین ڕووداو، کوشتنی ٣ ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیایە لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا، کە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
"تاوانەکان لە عەفرین و سەرێکانی دووبارە دەبنەوە"
عەبیر حەساف، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بە کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا و هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە وتی: لە ساڵی ٢٠١٨ کاتێک چەتەکانی سەر بە تورکیا بە ناوی "سوپای نیشتمانی سووریا" ناوچەی عەفرینیان داگیر کرد، ٣٠٠ هەزار کەس بە زۆر ئاوارە بوون و نیشتەجێ بوون لە شەهبا و حەلەب و تل ڕەفعەت، بەشێوەیەکی سەخت و بە کەمترین دەرفەت بۆ ژیان لەو بازنەدا. پاشان لە ساڵی ٢٠١٩ بە هەمان شێوە هێرشییان کردە سەر سەرێکانی و گرێسپی. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا جارێکی دیکە شارەکە داگیر کرایەوە و نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس ناچاربوون کۆچ بکەن. ئەمڕۆش ئەم کەسانە لە کامپەکاندا دەژین.
"خەڵکی عەفرین جارێکی دیکە ناچار بوون کۆچ بکەن"
لە ماوەی داگیرکاریدا سەدان ژن گیانیان لەدەستداوە و دەستدرێژییان کراوەتە سەر و ئەشکەنجە دراون و دەستگیرکراون و ڕفێندراون. زۆر کردەوەی پیس و نامرۆڤانە بەرامبەر بە هاوڵاتییان و بەتایبەت گەلی کورد و دانیشتووی ئەو ناوچانەی داگیرکراون ئەنجامدرا و تا ئەمڕۆش بەردەوامن. لە ٢٧ی ئەم مانگەوە، لە چوارچێوەی هێرشەکانی چەکدارانی تەحریر شام (النوسرە) بۆ سەر حەلەب و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، جارێکی دیکە خەڵکی عەفرین ناچار بوون کۆچ بکەن و ئێستا جووڵەیان کردووە بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
"مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت"
عەبیر حەساف ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا و چەتەکانی، یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش هێرشی دەکرێتە سەر، تورکیا و چەتەکانی سەر بەو وڵاتە بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە هێرش دەکەنە سەر مەنبج و دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سووریا. هاوڵاتییانی ناوچەکە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن و ڕۆژانە دەکوژرێن. چەندین کۆمەڵکوژی لە دژی ژمارەیەک کەس لە یەک بنەماڵە ڕوویداوە. لەلایەکی ترەوە سەرەڕای هەبوونی هەموو یاساکان، دیمەنی ترسناک دەبینین، کە چۆن خەڵک لەناو نەخۆشخانەکان و لەسەر شەقامەکان دەکوژن.
"کوشتنی ژنان تاوانێکە لێخۆشبوونی نییە"
عەبیر حەساف کوشتنی ٣ ژنە پێشەنگی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیای شەرمەزار کرد، داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی کرد و وتی: لەم دواییانەدا سێ ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن چەتەکانی سەر بە تورکیا کوژراون. پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم کارانە شەرمەزار بکرێن. پێویستە ئەمڕۆ هەمووان هەڵوێستی خۆیان لە دژی ئەم کردەوانە دەرببڕن. گەلی کورد بێمتمانەیە بەرامبەر یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ، چونکە لەسەر زەوی جێبەجێ ناکرێن.
بانگەواز بۆ یەکڕیزی و یەکسانی
عەبیر حەساف داوای لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد هێرشەکان ڕابگرن، داوای لە هەموو قەوارە سوورییەکان کرد یەکێتی و یەکسانی دروست بکەن و وتی: داوا لە هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین ئەمڕۆ دەنگییان بەرز بکەنەوە بۆ ڕاگرتنی هێرش و پێشێلکارییەکان، چارەنووسی ئێمە بۆ هەموو پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک یەکە. پێویستە دەست لەناو دەست بین و ببینە بازنەیەک لە دەوری خۆبەڕێوەبەریی و دەستکەوتەکانمان. پێویستە یەکتر قبوڵ بکەین و یەکتر لەباوەش بگرین، چونکە ئازارەکانمان وەک یەکن. تا هێرشەکان بەردەوام بن، هەموومان لە مەترسیدا دەبین. نەک تەنها بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێویستە کار بۆ سیستەمێکی دیموکراتیک و یەکسان و خۆبەڕێوەبەریی لە هەموو سووریادا بکرێت، بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین ببینە خاوەن ماف و ئازادییەکانی خۆمان و بژین.