دادوەر سزای بێریتان جاندۆزەری پەسەند کرد
سزای ساڵێک و ١٠ مانگ زیندانیکردن کە بەسەر ڕۆژنامەنووس بێریتان جاندۆزەر سەپێندرابوو، لەلایەن دادگاوە پەسەند کرا.
ئامەد
لە ساڵی ٢٠١٩ دۆسیەیەک لە دژی ڕۆژنامەنووس بێریتان جاندۆزەر تۆمار کرا و ئەو هەواڵانەی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٦ لە میدیای دیجیتاڵیدا بڵاوی کردووەتەوە، بە تاوان دانرا. دادگای یازدەیەمی تاوانە قورسەکانی ئامەد بە تۆمەتی بڵاوکردنەوە و لایک کردن لە دیجیتاڵ میدیادا سزای ساڵێک و ١٠ مانگ زیندانی بەسەر بێریتان جاندۆزەردا سەپاند. ڕەسول تەمور، پارێزەری بێریتان جاندۆزەریش بڕیاری دادگای بەرز کردەوە بۆ دادگای تێهەڵچوونەوە.
بەڵگەکان بە یاسا بەدەست هاتوون
بەشی تاوانەکانی دووەمی دادگای ئامەد لە ساڵی ٢٠٢١دا دۆسیەکەی بردە بەردەم دادگا، چونکە پارێزەری بێریتان جاندۆزەر داواکاری تانەکەی قبوڵ نەکرد و بۆ دادگای تێهەڵچوونەوە بەرزی کردەوە، دادگای تاوانە قورسەکانی سێیەم کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا دووبارە لێکۆڵینەوەی کردەوە، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ هەڵەیەک لە بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوەدا نییە و بڕیاریدا سزاکە پەسەند بکات. لە بڕیارەکەیدا دادوەر ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی پرۆسەی دادوەریدا، ڕێوشوێنە یاساییەکان بەپێی یاسا و بەبێ کەموکوڕی ئەنجامدراون، هەموو بەڵگەکان بەپێی یاسا بەدەست هێنراون، هەروەها ئەو سزایەی بەسەر بێریتان جاندۆزەردا سەپێنراوە، نایاسایی نەبووە. بەم بڕیارەش بە دڵنیاییەوە بێریتان جاندۆزەر دەچێتە زیندان.
ئەو پارێزەرە تانەیەکی لە دادگای دەستووری دا
دوا بەدوای ئەوە ڕەسول تەمور، پارێزەری بێریتان جاندۆزەر بە بیانووی پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕینی بێریتان تانەیەکی لە دادگای دەستووری دژی بڕیاری دادگا تۆمار کرد.