وەزیری ناوخۆی تورکیا ژنانی کوژراو تاوانبار دەکات
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، سەرەڕای بڕیاری پاراستنی ژنان، تاوانی کوشتنی ژنانی خستە سەر شانی ژنە کوژراوەکان و وتی: ئەمە یەکەمجارە دەڵێم؛ سەرەڕای فەرمانی پاراستن، ساڵی ڕابردوو ٣٢ ژن لە ماڵەکانیاندا کوژران، چونکە گوێیان لە قسەکانمان نەگرت.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2024/11/20241122-20241121-20221006-20210603-1-jpgb56e2c-image-jpg720b6a-image-jpg7d3928-image-jpg31f67c-image.jpg)
ئەنقەرە
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە کۆبوونەوەی بودجەی وەزارەت لە لیژنەی بودجەی پەرلەمان وەڵامی ڕەخنە و پرسیارەکانی ئەو پەرلەمانتارەی دایەوە و ژنانی کوژراوی بە تاوانباری کەیسەکانی خۆیان لە قەڵەمدا و دووپاتیکردەوە کە حکومەتی ئاکەپە لێبوردەیی سفری هەیە بەرامبەر بە توندوتیژی دژی ژنان و وتی: لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٨٤ ژن و لە ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ٢٧٦ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە.
ژنان بە تاوانبار دادەنێت
عەلی یەرلیکایا سەرەڕای فەرمانی پاراستن، ژنە کوژراوەکانی بە تاوانبار زانی و وتی: ئێمە لەگەڵ ئەو ژنەدا بەڵگەنامەیەک واژۆ دەکەین کە فەرمانی پاراستنیمان بۆ کردووە. دوای وەرگرتنی بڕیاری پاراستن، ١١ ماددەی ناو بەڵگەنامەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەخوێندرێتەوە و دەڵێت ئێمە دەتپارێزین، پێویستە ڕێز لەم ماددانە بگرین، ئەوانیش، ئەوەیە، 'لە ئەگەری نزیکبوونەوەی تۆمەتبار لە ژنان، بچۆ بۆ نزیکترین شوێنی پاراستن و دەستبەجێ داوای هاوکاری بکە، ڕووبەڕووی گومانلێکراو مەبەرەوە و چاوپێکەوتن مەکەن'، هەموو ئەمانەیان بۆ دەخوێنینەوە، هەفتەی ڕۆژێک لە ژنانی توندوتیژی لێکراو دەپرسین، دەڵێین: ئایا کەسێک هاتۆتە ئێرە و ڕۆشتووە؟ ئەمە یەکەمجارە دەڵێم؛ سەرەڕای فەرمانی پاراستن، ساڵی ڕابردوو ٣٢ ژن بەپێی بڕیارەکانی ئێمە مامەڵەیان نەکردووە، کاتێک پیاوەکان دێنە بەر دەرگاکە دەیکەنەوە و پیاوەکان ژنەکان لە ناوەوە دەکوژن.
لە پەرلەمانتارانەوە هەڵوێست نیشاندرا
پەرلەمانتارانی دەم پارتی و جەهەپە وەڵامی عەلی یەرلیکایای وەزیریان دایەوە و وتیان 'چەند ئاسانە تاوانبارکردنی ژنان'، هەروەها عەلی یەرلیکایا وتی: لەگەڵ کێیت؟ ئێمە ژنان دەپارێزین.