وەزیری ناوخۆی تورکیا ژنانی کوژراو تاوانبار دەکات

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، سەرەڕای بڕیاری پاراستنی ژنان، تاوانی کوشتنی ژنانی خستە سەر شانی ژنە کوژراوەکان و وتی: ئەمە یەکەمجارە دەڵێم؛ سەرەڕای فەرمانی پاراستن، ساڵی ڕابردوو ٣٢ ژن لە ماڵەکانیاندا کوژران، چونکە گوێیان لە قسەکانمان نەگرت.

ئەنقەرە

 

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە کۆبوونەوەی بودجەی وەزارەت لە لیژنەی بودجەی پەرلەمان وەڵامی ڕەخنە و پرسیارەکانی ئەو پەرلەمانتارەی دایەوە و ژنانی کوژراوی بە تاوانباری کەیسەکانی خۆیان لە قەڵەمدا و دووپاتیکردەوە کە حکومەتی ئاکەپە لێبوردەیی سفری هەیە بەرامبەر بە توندوتیژی دژی ژنان و وتی: لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٨٤ ژن  و لە ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ٢٧٦ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە.

 

ژنان بە تاوانبار دادەنێت

عەلی یەرلیکایا سەرەڕای فەرمانی پاراستن، ژنە کوژراوەکانی بە تاوانبار زانی و وتی: ئێمە لەگەڵ ئەو ژنەدا بەڵگەنامەیەک واژۆ دەکەین کە فەرمانی پاراستنیمان بۆ کردووە. دوای وەرگرتنی بڕیاری پاراستن، ١١ ماددەی ناو بەڵگەنامەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەخوێندرێتەوە و دەڵێت ئێمە دەتپارێزین، پێویستە ڕێز لەم ماددانە بگرین، ئەوانیش، ئەوەیە، 'لە ئەگەری نزیکبوونەوەی تۆمەتبار لە ژنان، بچۆ بۆ نزیکترین شوێنی پاراستن و دەستبەجێ داوای هاوکاری بکە، ڕووبەڕووی گومانلێکراو مەبەرەوە و چاوپێکەوتن مەکەن'، هەموو ئەمانەیان بۆ دەخوێنینەوە، هەفتەی ڕۆژێک لە ژنانی توندوتیژی لێکراو دەپرسین، دەڵێین: ئایا کەسێک هاتۆتە ئێرە و ڕۆشتووە؟ ئەمە یەکەمجارە دەڵێم؛ سەرەڕای فەرمانی پاراستن، ساڵی ڕابردوو ٣٢ ژن بەپێی بڕیارەکانی ئێمە مامەڵەیان نەکردووە، کاتێک پیاوەکان دێنە بەر دەرگاکە دەیکەنەوە و پیاوەکان ژنەکان لە ناوەوە دەکوژن.

 

لە پەرلەمانتارانەوە هەڵوێست نیشاندرا

پەرلەمانتارانی دەم پارتی و جەهەپە وەڵامی عەلی یەرلیکایای وەزیریان دایەوە و وتیان 'چەند ئاسانە تاوانبارکردنی ژنان'، هەروەها عەلی یەرلیکایا وتی: لەگەڵ کێیت؟ ئێمە ژنان دەپارێزین.