دەرچووانی دانەمەزراو داوای ڕەخساندنی هەلی کار دەکەن

ئەنجومەنی دەرچووانی دانەمەزراو لە هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست و داواکارییەکانیان بۆ دامەزراندنیان خستەڕوو.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی، ئەنجومەنی دەرچووانی دانەمەزراو لە هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست و داواکارییەکانیان بۆ دامەزراندنیان خستەڕوو.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا سارا فاروق، یەکێک لە دەرچووانی دانەمەزراو، ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند، "دەرچوانی دانەمەزراو بەهۆی دانەمەزراندنیان بوونەتە بێبەشترین چینی کۆمەڵگە".

 

هەر لە کۆنگرەکەدا دەرچووانی دانەمەزراو، چەند داواکاریەکیان ئاياستەی هەریەکە لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و رای گشتی کرد، تا پرۆسەی دامەزراندنیان دەستپێبکات و بتوانن بە توانای ئەو چەند ساڵەی خوێندوویانە لە بوارە جیاوازەکاندا خزمەت بکەن، بەشێکی داواکارییەکانیش بریتین لەوەی کە، پێویستە حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە پابەند بێت بە دامەزراندنی دەرچوان بەپێی ساڵی دەرچوون، هەروەها کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٣ ساڵەوە بۆ ٦٠ ساڵ و لابردنی مەرجی تەمەنیش بۆ دامەزراندن.

 

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠ هەزار خوێندکار زانکۆ و پەیمانگاکان تەواو دەکەن، بە هۆی ڕاگرتنی دامەزراندنەوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار دەرچوی دانەمەزراو لە هەرێم هەن، ژمارەیەک لەو دەرچووانەش داوای ڕەخساندنی هەلی کار دەکەن.