غەززە، ژمارەی بارهەڵگرەکانی هاوکاریی لە ١٠٠ بارهەڵگر بۆ ١٥ کەمی کردووە
بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، منداڵان لە دۆخێکی ناجێگیردان و زیاتر لە ١٤ هەزار منداڵ لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.

ناوەندی هەواڵ
لە٧ی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ كەرتی غەززە دەستپێكرد و لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.
تێد چیبان، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کوژرانی منداڵانی غەززە ڕایگەیاند، دۆخی مرۆیی لە غەززە بەرەو خراپتر دەچێت، بەوپێیەی ژمارەی ئاوارەبووەکان بۆ ملیۆنێک و ٩٠٠ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
دەشڵێت، ژمارەی بارهەڵگرەکانی هاوکاریی لە مانگی ئابدا لە ١٠٠ بارهەڵگرەوە بۆ ١٥ بارهەڵگر لە ڕۆژێکدا بۆ مانگی ئەیلوول کەمبووهتەوە، ئەمەش دۆخی خەڵک قورس دەکات و ئاوارەیی سەختتر دەکات، منداڵان لە دۆخێکی ناجێگیردان و زیاتر لە ١٤ هەزار منداڵ لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.