"ئێمە بەرگەی سەختییەکان دەگرین بەڵام خۆمان ڕادەست ناکەین"

ژنانی عەفرین کە ڕوویان لە شەهبا کردووە، دژی هێرش و سنووردارکردنەکانی سەر ناوچەکە دەڵێن: ئێمە بەرگەی ئاستەنگ و سەختییەکانی ژیان دەگرین، بەڵام هەرگیز خۆمان ڕادەست ناکەین.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا ناوچەی عەفرینی داگیرکرد، هەزاران عەفرینی ئاوارەبوون و لە شەهبا و ناوچەی شێروای سەر بە عەفرین نیشتەجێ بوون، ماوەی ٦ ساڵە کۆچبەرانی عەفرین لە مەیدانی کۆچدا بەرخۆدان دەکەن، بەڵام دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە خۆی بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر دانیشتوانی کۆچبەر بە ئامانجی لاوازکردنی بەرخۆدانی خەڵک.

 

لە ئەنجامی هێرشە داگیرکارییەکانی ٧ی ئەیلوول، کۆچبەرێکی عەفرینی خەڵکی شارۆچکەی بلبیل بە ناوی خالید محەمەد گیانی لەدەستدا، هەروەها لە ٩ی ئەیلوولدا ٢ منداڵ بە ناوەکانی زەینەب فەیسەلی تەمەن ٤ ساڵ و ئەحمەد فەیسەلی تەمەن ٦ ساڵ بریندار بوون و هاوڵاتییەکیش بە ناوی محەمەد سدیق عومەر بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، ئەم هێرشانە لە سەرانسەری گوندە داگیرکراوەکانی شەهبا، شێراوە و شەرای سەر بە عەفرین بەردەوامن، کە خەڵکی مەدەنی بەردەوامن لە ژیان و بەرخۆدان.

 

"ژن و منداڵ دەکرێنە ئامانج"

ئەمەل قەهرەمان ئاوارەیەکی عەفرینە و باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ئامانجی ئەو هێرشانە کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە بیانووی درۆ هێرش دەکاتە سەر تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، ئامانجی داگیرکاری بەم هێرشانە کوشتنی گەلی کورد و دروستکردنی مەترسیی، با بزانرێت ئێمە هەرگیز ملکەچی هێرش و سیاسەتی وێرانکاری نابین و خۆمان ڕادەستی داگیرکاری ناکەین، ئێمە ترسمان لە هێرشی دوژمن نییە و هەمیشە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی پێشکەوتنی ژنانە، بۆیە سەرەتا ژنان دەکاتە ئامانج و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵگە لەناو ببات، ئێمەی گەلی کورد هێز لە ئازارەکانمان وەردەگرین و لە پێناو خۆماندا دەوەستینەوە، مانەوەمان لە شەهبا بۆ گەڕانەوەیە بۆ عەفرینە، تا ئەم گەڕانەوەیە مسۆگەر دەکەین بەردەوام دەبین لە خەبات و بەرخۆدان.

 

"تا عەفرین ئازاد نەکرێت شەهبا جێناهێڵین"

جەیلان دەمیرچی هەروەها ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای کرد و ڕایگەیاند کە ناتوانرێت لەم دۆخەدا شەهبا بەجێبهێڵن، تا عەفرین ئازاد دەکرێت لەوێ دەمێننەوە و وتیشی: ئێمە ڕوومان کردە شەهبا بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەرمان، ئێمە و هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج بە ژن و منداڵیشەوە، پەیامی ئێمە بۆ ئەردۆغان و چەتەکانی ئەمەیە، تا عەفرین ئازاد نەکرێت شەهبا بەجێناهێڵین و لە پێناوەدا خەبات دەکەین، لەلایەک لەشکرکێشی هەیە، لەلایەکی دیکەوە حکومەتی شام ڕێگری لە خەڵکی ناوچەکە دەکات، بەم شێوەیە دەیانەوێت بەرخۆدانی خەڵک بشکێنن، بەڵام ئێمە ئاستەنگ و زەحمەتییەکانی ژیان تێدەپەڕێنین و خۆ ڕادەستکردن پەسەند ناکەین.