لە هەفتەی ٣٤دا هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان" بەردەوامە

زیندانیانی بەشدار لە هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان" لە هەفتەی ٣٤دا وێڕای یادکردنەوەی ئەو کەسانەی لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان،  ئازادی" لە سێدارە دراون، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و سەرکوتکردن و جێبەجێکردنی دادپەروەرین.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ زیندانیانی بەشدار لە هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان" لە هەفتەی ٣٤ی ئەم هەڵمەتەدا لە ٢١ زیندانی ئێران، ڕایانگەیاند کە هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، جارێکی دیکە دژی لەسێدارەدانن و بۆ یادی دەیان هاوڵاتی ناڕازی کە لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارە دراون مانیان لە خواردن گرتووە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیانراوەکەی هەڵمەتی "سێشەممە کانی نا بۆ لەسێدارەدان"، ئەم مانگرتنە بەکۆمەڵە بۆ هەفتەی ٣٤ لەسەریەک لە زیندانەکانی ئەڤین (تیپی ژنان، تیپی ٤ و ٦)، قەزڵحەسار (یەکەی ٣ و ٤)، زیندانی ناوەندی کەرەج، گەورە بەندیخانەی تاران، زیندانی خوڕەم ئاباد، زیندانی نزام شیراز، زیندانی بەم، زیندانی ئەسەدەبادی  ئیسفەهان، زیندانی مەشهەد، زیندانی لاکان ڕەشت (بەندیخانەی ژنان و پیاوان)، زیندانی قائێم شەهر، زیندانی ئەردەبیل، زیندانی تەورێز، زیندانی ورمێ، زیندانی خوی، زیندانی نەقدە ، زیندانی سەلماس، زیندانی سەقز، زیندانی بانە، زیندانی مەریوان، زیندانی کامیاران بەردەوامی هەیە.

 

چالاکوانانی  ئەم هەڵمەتە لەکاتی مانگرتن لە خواردن لە دژی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان، ڕێزیان لە یادی سەرجەم قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی " گرت، یادی تەواوی قوربانیانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بەتایبەت "لەسێدارەدراوانی" ئەم ڕاپەڕینە، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆیان بۆ هەموو بنەماڵەی داواکارەکانی دادپەروەری دەربڕی.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا هاتووە: زیندانیانی سیاسی لە ٢١ زیندانی وڵات، ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ ئەیلوول، وێڕای یادکردنەوەی یادی هەموو ئەو کەسانەی لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" گیانیان لەدەستداوە،  بە یادی دەیان هاوڵاتی ناڕازی ئەو ساڵە و دوای ئەوە کە بە ئامێری سەرکوتکەری ڕژێمی ئێران بە ئامانجی ترساندنی خەڵک، بە پێشێلکردنی هەموو پێوەرەکانی مافی مرۆڤ بە ناڕەوا لەسێدارە دران، بەرز ڕادەگرین. لە موحسن شکاری، محەمەد مەهدی کەرەمی، محەمەد حسێنی، مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد و هەتا دەیان زیندانی تر لەوانە ڕەزا ڕەسایی کە ماوەیەکی زۆر نەبوو بە ناڕەوا بە پێشێلکردنی هەموو مافە بنەڕەتییەکان و بەبێ مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لەسێدارەدرا.

 

لەم ڕاگەیاندراوەدا زیندانیانی مانگرتوو جەختیان لەوە کردەوە کە ڕژێمی ئێران لە دوای دەستبەکاربوونی "سەرۆکی نوێی ڤێلایەت فەقیح" زیاتر لە ١٧٠ کەسی لە سێدارە داوە، سەبارەت بە دۆخی دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ٢٠٢٢، بە تایبەت ئەوانەی کە مەترسییان لەسەر بووە، ڕووبەڕووی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، هۆشدارییەکی جددیش درا و داوای گرنگی زیاتری چالاکوانانی سیاسی و مافی مرۆڤ، میدیاکان و خەڵکی گشتیی ئێران کرا بۆ دۆخی ئەم زیندانییە سیاسیانەی ڕاپەڕینی "ژینا" و هەوڵدان بۆ وەستاندنی "ئامێری لەسێدارەدان و کوشتنی ستەمکاری ئایینی ڕژێمی ئێران".

 

لەم ڕاگەیاندراوەدا وێڕای ئاماژەدان بە پشتیوانی ١٠٠ زیندانی سیاسیی پێشوو و ١٥٠ چالاکوانی مەدەنی و سیاسی بۆ هەڵمەتی دژ بە لەسێدارەدان، و بانگهێشتکردنی زیندانیان بۆ بەشداریکردن لەم هەڵمەتە، داوا لە دامەزراوە گشتییەکان، ڕێکخراوەکان و مافی مرۆڤ، سەندیکا و چالاکوانان و کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئازاد کرا پرسی "نا بۆ لەسێدارەدان" بخەنە لوتکەی چالاکییەکانیان و بەرگری لە مافی ژیانی هاوڵاتیان بکەن بۆ گەیشتن بە "ئێرانێکی ئازاد و ئاوەدان بەبێ سەرکوت و لەسێدارەدان.