گۆهەر ئەشقی پشتیوانی لە دایە مینا  دەکات

گۆهەر ئەشقی، بۆ پشتیوانی لە مینا سوڵتانی ( دایە مینا)، مانگرتنی ڕاگەیاند و داوای پشتیوانی خەڵکی کرد بۆ ئازادکردنی ئەم دایکەی داواکاری دادپەروەرییە.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆهەر ئەشقی، دایکی سەتار بەهەشتی و یەکێک لە دایکانی داواکاری دادپەروەری، بۆ پشتیوانی لە مینا سوڵتانی ناسراو بە دایە مینا و دایکی شەهریار محەمەدی، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی "ژن، ژیان، ئازادی"، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانییەکاندا بەتایبەت زیندانیانی سیاسی مانگرتنی ڕاگەیاند.

 

بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە منداڵان لەلایەن ڕژێمەوە دەکوژرێن، دایکان دەگیرێن، خوشک و براکانیش هەڕەشەیان لێدەکرێت، ڕایگەیاند کە لە پێناو هاوسۆزی بنەماڵەی داواکاری دادپەروەری و زیندانیانی زیندانیکراو لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران، لەوانە دایە مینا، دایکانی داواکاری دادپەروەری، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدیی کە لە زیندانی ڕژێمی ئیسلامیدان، دەست بە مانگرتن دەکات.

 

گۆهەر ئەشقی ئاماژەی بەوەدا کە "ئەگەر هەتا هەفتەیەکی تر دوای بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆیە، دایە مینای دایکی شەهریار محەمەدی ئازاد نەکرێت، ئەوا ٢٣ی ئەیلوول کاتژمێر ٩:٠٠ بەیانی دەچێتە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران یان بۆ ئیمام زادە ساڵح لە تەجریش و لەوێ دەست بە دانیشتن و مانگرتن دەکەم".

 

مینا سوڵتانی ناسراو بە دایە مینا، یەکێک لە دایکانی داواکاری دادپەروەری  کوردستانە، زیاتر لە ٥ ڕۆژە دەستبەسەکراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی و شوێنی مانەوەی نییە و بەپێی لێدوانێکی کوڕەکەی بەناوی، میلاد محەمەدی، لە ١٤ ئەیلوولدا ڕایگەیاند لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی زۆر کورتدا کە دایکم (مینا سوڵتانی) لەگەڵ کەسێکی خزمدا کردبووی، لە یەک ڕستەدا وتی کە لە ژێر دەستی ئیتلاعاتی شاری ورمێدایە.

 

شەهریار محەمەدی، کوڕی مینا سوڵتانی، تەمەن ٣٠ ساڵ، لە ١٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری بوکان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران کوژرا.