"ڕێبازی منداڵەکانتان بگرنە بەر و پاشەکشە نەکەن"

لە دووەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی، فایلێکی دەنگی نوێی دایە مینا سوڵتانی، بڵاوکراوەتەوە، تیایدا داوا لە خێزان و دایکان دەکات، ڕێبازی منداڵەکانیان بگرنەبەر و لە کەس نەترسن.

ناوەندی هەواڵ

 

بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، فایلێکی دەنگی مینا سوڵتانی ناسراو بە دایە مینا، دایکی شەهریار محەمەدی کە لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" گیانی بەختکرد، بڵاوکراوەتەوە. دایە مینا لەم پەیامەدا، بنەماڵە و دایکی داواکارانی دادپەروەری بانگهێشت دەکات بۆ درێژەدان بە خەبات و ڕێبازی منداڵەکانیان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە هیچ هەڕەشە و فشارێک ناترسێت.

 

دایە مینا لەم پەیامە دەنگییەدا دەڵێت: من دایە مینام، داوای خوێنی منداڵەکەم دەکەم و خوێنی بەزایە نادەم، هەر جارێک تەلەفۆنم بۆ دەکەن و هەراسانم دەکەن، ناڕەزایی زیاترم دەبێت و هەر جارێک منداڵەکانی دیکەم هەراسان دەکەن، ئازاتر دەبم، لە ڕۆژی شەهیدبوونی شەهریارەوە درێژەم بە ڕێبازەکەی داوە و سوێندم خوارد تا کۆتایی درێژە بەم ڕێگایە دەدەم".

 

هەروەها جەختی لەسەر پێویستی هاودەنگی نێوان دایکانی داواکاری دادپەروەری کردەوە و وتی: داوا لە دایکانی دیکە دەکەم نەترسن و پاشەکشە نەکەن، پێویستە دەستی یەکبگرین و بە هاوسۆزی و بیرکردنەوەی هاوبەشەوە درێژە بە ڕێگای منداڵەکانمان بدەین، دایە مینا لە هەر شوێنێکی جیهاندا لەگەڵتانە.

 

ئەم فایلە دەنگییە پێش دەستگیرکردنی دایە مینا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تۆمار کراوە و هەروەها لە کۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی ئیسلامی لە لەندەنیش بڵاوکرایەوە.

 

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ ئەیلوولی ٢٠٢٤، هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مینا سۆڵتانی و دەستگیریان کرد و ١٤ی ئەم مانگە میلاد محەمەدی، کوڕی مینا سوڵتانی گواستنەوەی دایکی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێی ڕاگەیاند.