پەرستاران ڕووبەڕووی خزمەتگوزاری ناستاندارد، سەپاندنی کاتی زیادەی زۆرەملێ و مووچەی کەم دەبنەوە

بەهۆی بەردەوامی ناڕەزایەتی پەرستاران، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی فریاکەوتنی پزیشکی ئێران، "نەبوونی کارمەندانی فریاکەوتن"، "خزمەتگوزاری ناستاندارد" و "کاتی زیادەی زۆرەملێ" بە گرنگترین کێشەی کارمەندانی فریاکەوتن و کارمەندانی پزیشکی دادەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی فریاکەوتنی پزیشکی ئێران سەبارەت بە مانگرتنی پەرستاران لێدوانێکی دا و لە هەمان کاتدا "نەبوونی کارمەندانی فریاکەوتن"، "خزمەتگوزاری ناستاندارد" و "کاتی زیادەی زۆرەملێ"ی وەک یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی کارمەندانی فریاکەوتن و کارمەندانی پزیشکی دانا.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "نەبوونی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و کەرەستە و بنکە" و "ماندووبوونی کەرەستەکان" کێشەی هێزەکانی فریاکەوتن و فریاگوزاری پزیشکی دوو هێندە کردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی "دووبارە فشاری کارکردن لەسەر هێزەکانی فریاکەوتن و نەخۆشخانەکان" و تەنانەت "مەترسییەکانی سەر ژیانی نەخۆشەکان" زیاد دەکات.

 

ئەم بەرپرسە بە ئاماژە بە نەبوونی هەلی پێشخستنی بنکەکان و بەکارهێنانی کابینە بۆ هێزەکانی "فریاکەوتنی پێش نەخۆشخانە" جەختی لەوە کردەوە کە: کابینەکان شوێنێکی کاتین، بەڵام زۆرێک لە بنکە فریاگوزاریەکان ساڵانێکە ئەو کابینانە بەکاردەهێنن، لە ڕاستیشدا لەم ساڵانەدا، هیچ بیرکردنەوەیەک بۆ دامەزراندنی سەلامەت و خۆشگوزەرانی ڕێژەیی ئەم هێزانە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە ئەم هێزانە بتوانن بەبێ هیچ نیگەرانییەک بچنە سەر ئەرکەکەیان و مووچەکانیشیان وەکو پێویست نییە.

 

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە لە لایەک حکومەت هەمیشە کەمیی پەرستاری لە نەخۆشخانەکاندا ڕاگەیاندووە و لە لایەکی دیکەشەوە ڕووبەڕووی کۆچێکی بەرفراوانی پەرستار و پزیشک بووەتەوە، مانگێکیش بەسەر ناڕەزایەتی و مانگرتنی پەرستاراندا تێپەڕیوە و پەرستاران لە شارە جیاوازەکان و لە زۆرێک لە نەخۆشخانەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان.

 

جێی ئاماژەیە، حکومەتی ئێران بە هێرشی توندوتیژانە و دەستگیرکردن هەوڵی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە مافەکانیان دەدات.