داوای وەستانە دژی داگیرکاری لە ڕۆژنامەنووسان کرا

لە درێژەی گردبوونەوەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادیخوازاندا لە شاری سلێمانی، داوا کرا ڕۆژنامەنووسان دژی داگیرکارییەکان بوەستنەوە و ببنە دەنگی گەلەکەیان.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری کوردستان، بە بەشداری چالاکوانان و ئازادیخوازان دژی بە ئامانجکردنی ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر لە نزیک شارۆچکەی سەیدسادق لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و گیان لەدەستدانی گوڵستان تارا، ڕاوێژکاری سیاسی و هێرۆ بەهادین، مۆنتێری کۆمپانیاکە و برینداربوونی ڕێبین بەکر، سەرپەرشتیارى دیجیتاڵ میدیاى کۆمپانیاى چەتر گردبوونەوە.

 

لە گردبوونەوەکەدا دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "شەهید نامرێ" وترایەوە، بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی وێنەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین هاوخەمی خۆیان بۆ هاوڕێیان و کەسوکاری قوربانیان دەربڕی.

 

سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس، ڕاگەیەندراوی ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری کوردستانی خوێندەوە و وێرای بە بیرهێنانەوەی هێرشەکەی دوێنێ، ٢٣ی ئەم مانگە، ڕایانگەیاند، "ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، بە تەواوی شکست و بێدەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق دەردەخات بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، کە دەروازەی خاکەکەیان واڵاکردووە بە ئاسانی داگیرکاری خاک، سووتاندنی ڕەز و باخ و دارستانەکان، چۆڵکردنی گوندەکان، فشار و هەڕەشەکردن لە گوندنشینان و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان ئەنجام بدات و هیچ لایەنێکی فەرمیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەنگی لێوە نایەت.

 

"هیوادار بووین ڕۆژنامەنووسان زیاتر ئامادەی ئەم گردبوونەوە بوونایە"

لە درێژەی گردبوونەوەکەدا، دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان، لەسەر ناوی سەنتەرەکە وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: هیوادار بووین بەشیکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لەم گردبوونەوەیەدا ئامادەبوونایە، تا فشارەکانمان زیاتر بووایە، چونکە ئەوەی بەرامبەر بەو ڕۆژنامەنووسانە کراوە و شەهید کراون لەوانەیە سبەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسێکی تر و دامەزراوەیەکی میدیایی دیکە بکرێت، هەروەها ئەو کارەساتەی دوێنی کە ڕوویدا دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگەوە و پێشێلکارییە کە بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان کراوە.

 

جەختیشیکردەوە، بە ڕوودانی ئەو ڕووداوەی دوێنی، کە بەرانبەر بەو ڕۆژنامەنووسانە کرا، کە تاوانێکی گەورە بوو ئەوەی بۆ پشت ڕاستکردینەوە، کە بەڵێ لە هەرێمی کوردستاندا ژیانی ڕۆژنامەنووسان لەم هەرێمەدا پارێزراو نییە و ڕەنگە لە هەرکات و ساتێکدا بێت بەئامانج بگیرێن و شەهید بکرێن، بۆیە ئێمە بە ئەرکی حکومەتی هەرێم و عێراقی دەزانین، کە ئەم پێشێلکارییانە ڕاگرن و چیتر بەردەوام نەبێت

 

"دەستبردن بۆ ژیان و گیانی ڕۆژنامەنووسان نامرۆڤانە و شەرمهێنەرە"

هاوکار عیزەدین، لەسەر ناوی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ-ڕۆنووس، ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ“ ڕۆنووس” وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی هێرشەکە، کارەکە بە هەوڵێکی ترسنۆکانە و پێشێلکردنی سەرجەم بنەما و بەندەکانی مافی مرۆڤ دەزانین و پێمان وایە دەستبردن بۆ ژیان و گیانی ڕۆژنامەنووسان لە ململانێ سەربازیی و ئەمنیەکاندا کارێکی زۆر نامرۆڤانە و شەرمهێنەرە بۆ ئەنجامدەرانی.

 

هێڕش وپەلاماری تیمی ڕۆژنامەنووسان لە ژێر هیچ ناوێکدا جێگەی نابێتەوە لە یاسا نێودەوڵەتیەکاندا بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت و ئەنجامدەرانی سەرکۆنە دەکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئێمە لە ڕۆنووس داوا دەکەین فشارێکی ناوخۆیی و دەرەکی بەرفراوان دروستبکرێت بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرش و پەلامارانەی کە ژیان و گیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی خستۆتە مەترسیەوە و داگیرکارانی خاکەکەمان بەناوی ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنەوە هەر ڕۆژە و لە شوێنیکی ئەم نیشتمانەوە گیانی هاونیشتمانیەکانمان دەکەنە قوربانی و ئێستا کار گەشتۆتە ئەوەی دەست ببرێت بۆ ژیانی ڕۆژنامەنووسانیش.

 

"ئامانجی فاشیزمی تورک لێدانە لە دەنگی ئازاد و حەقبێژ"

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕاگەیەندراوی دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادی خوێندەوە و ڕایگەیاند، "ئامانجی فاشیزمی تورک لێدانە لە دەنگی ئازاد و حەقبێژی ئەو راگەیانکارانەی بەئازایەتییەوە دڕندەیی و راستیی دوژمن بۆ راگشتیی ئاشکرادەکەن، ئەو رێککەوتن و لێک تێگەیشتنەی پارتی-بارزانیی و حکومەتی سودانیی، لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک، دژبە ھێڵی ئازادییخوازیی و  نیشتیمانپەروەریی و ئازادیی راگەیاندنە لە ھەرێمی کوردستان، بەردەوام بوونی ئەو ھێرشانە و خوێنی ئەو رۆژنامەنووسانە و ھاوڵاتییانی مەدەنیی و بۆمبارانی گوند و ژینگەی کوردستان، بەھۆی ئەو بێدەنگیی و  نا بەرپرسیاریەتییەی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی ھەرێمەوەیە کەوایکردوە  دەوڵەتی تورکیا سڵ لە ھیچ کردەیەکی رەشەکوژیی نەکاتەوە، رۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج و نیشانەی ئەو پەڕی ئیفلاسی ئەخلاقیی و سیاسیی حکومەتەکەی ئەکەپەو مەھەپەیە و ھاوئاوازەکانیانە، لە ئاستی ناوەخۆ و دەرەدا دەبێت ریسواو شەرمەزار بکرێن. کات کاتی ھەڵوێست و یەکگرتن و یەکێتییە دژ بە داگیرکەران و خۆفرۆشان".

 

"دەوڵەتی تورکیا بەردەوام ئازادیخوازان دەکاتەوە ئامانج"

شەیما نەبیل، ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، "بە ئامانجگرتنی کەسانی ئازادیخواز کە گەیەنەری دەنگی ئازاد و دۆخی ڕاستەقینەی داگیرکاری و بندەستی گەلەکەمانن، بە هەموو شێوەیەک شەرمەزار دەکەین، لە دواهەمین هێرش کە ئەوەی دوێنێ بوو، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و مرۆڤی ئازاد کرانە ئامانج، ئەمەش کاری چەند جارەی تورکیای داگیرکەرمان پێ نیشان دەداتەوە، کە تیایدا ئامانجی سەرەکی ژنانن و بۆمانی سەلماند کە تورک و هاوشێوەکانی ترسێکی زۆریان لە دڵدا کۆبووەتەوە لەبەرامبەر ژنانی تێکۆشەر و خاوەن ئیرادە".

 

لە کۆتایی چالاکییەکەدا بەشداربووان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "شەهید نامرێ"یان وتەوە و بەڵێنیاندا کە ڕێبازی ئازادیخوازان بەرنادەن و درێژە بە خەباتەکەیان دەدەن.