گفتوگۆی کراوە لەسەر پرسی ژنان لە دامەزراوە میدیاییەکان بەڕێوەچوو
لەپێناو بەهێزکردنی تواناکانی ژنانی ڕۆژنامەنووس گفتوگۆیەکی کراوە لەلایەن چەند ڕێکخراوێکەوە بۆ بونیادنانی تواناکانی ژنانی ڕۆژنامەنووس و کۆمەڵێک بابەتی دیکە ئەنجامدرا.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی 'دی ئێچ ئاڕ تی'، بە هاوکاری ڕێکخراوی 'یوپی پی' لەژێر ناونیشانی 'بەهێزکردنی تواناکانی ژنانی ڕۆژنامەنووس، برەودان بە یەکسانی و هاوبەشی پێ کردنی ژنان لە جومگەکانی بەڕێوەبردن لەپێناو ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندرووست لە میدیادا' پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکەن، بەوهۆیە ئەمڕۆ گفتوگۆیەکی کراوەی لەسەر ئەنجامدرا.
پڕۆژەکە ماوەی ١٠ مانگ دەخایەنێت لە بەرواری ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ دەستی پێکردووە و تا ٢١ی ئاداری ٢٠٢٥ دەخایەنێت، پڕۆژەکە لە سنوری شارەکانی سلێمانی، هەولێر و هەڵەبجە هەروەها شارۆچکەکانی سۆران، ڕانیە، چەمچەماڵ و کەلار بەڕێوەدەچێت.
لە گفتۆگەکەدا کە بە بەشداریکردنی بەڕێوەبەری دەزگا میدیاییەکان بەڕێوەچوو، باس لە ئاستی بەشداری ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا کرا، هەروەها باس لە هۆکارەکانی کەمی ڕێژەی ژن لە بەڕێوەبردنی دەزگاکان کرا و ڕێگە چارەسەرییەکانیش تاوتوێ کران.
پڕۆژەکە کار لەسەم ئەم بابەتانە دەکات:
١-بەرزکردنەوەی ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنانی میدیاکار لە دەزگا میدیاییەکان و بنیادنانی تواناکانیان لە بەڕێوەبردن و پەیوەندییە گشتییەکان.
٢-بنیادنانی تواناکانی دامەزراوە میدیاییەکان لە بوارەکانی چۆنیەتی ڕەچاوکردنی یەکسانی ڕەگەزی کاریگەرییەکانی لەسەر بەڕێوەبردنی دەزگا میدیاییەکان.
٣-ئەنجامدانی توێژینەوەیەک لەسەر ڕوماڵکردنی پرسەکانی ژنان لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا، هەروەها بنیادنانی تواناکانیان لەو بوارەدا.
٤-بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی هەراسانکردنی سێکسی و چۆنیەتی خۆپارێزی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی 'بەڕێوەبردنی کەیس و ڕاوێژی یاسایی' .