هێرشەکان بەڕێکەوت نین، ئامانجی سەرەکی خەباتی ژنانی کوردە

ژنانی شاری ئامەد هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئامەدیان لە دژی ژیانی کۆمەڵگە و ژنان هەڵسەنگاند و ڕایانگەیاند، کە نابێت ڕێگە بە زاڵبوونی ئەو ئەقڵیەتە بدرێت و داوای خەباتی زیاتریان کرد.

مەدینە مەمەدئۆغڵو

 

ئامەد- لە مانگی ڕابردوودا لە سەنتەری شاری ئامەد هێرشێک لە ٥ شوێن ڕوویدا کە کافێکانیشی تێدابوو، لەو هێرشانەدا شێوازی ژیانی کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنان کرانە ئامانج، هێرشبەرەکان دەستگیرکران، بەڵام دواتر ئازاد کران، لەسەر بنەمای ئەم سیاسەتە بێ سزایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر ٣ دەستدرێژکاری دەمامکدار هێرشیان کردە سەر دوو کافێی تر و ژنانی شارەکەش دەڵێن، ئەم هێرشانە بە ڕێکەوت نین.

 

"ئامانجیانە زهنیەتی خۆیان بەسەر ژناندا زاڵ بکەن"

مەلەک دەمیر کە لە شاری سور کار دەکات، ڕایگەیاند، ئەم جۆرە هێرشانە بوونەتە سیستماتیک و گۆڕاوە بۆ سیاسەت، داوای کرد کە نابێت ڕێگە بدرێت ئەقڵیەتی داگیرکاری لەو ناوچەیەدا زاڵ ببێت.

 

دەشڵێت: ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر ژیانی ژنان دەکەن. لەوەی ژن چی لەبەر دەکات تا دەگاتە ئەوەی چی دەکات و چەند منداڵی لەدایک دەبێت، ئەمانە بەشێکن لە سیاسەتەکانی ئەم دوایییانەیان، ئەم سیاسەتە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە، بەڵام لەم دواییانەدا سیاسەتی زۆر لەسەر ژنان بە گشتی و ژنانی ئامەد بە تایبەت جێبەجێ دەکرێت، ئەم سیاسەتانە بە شێوەیەکی زارەکی یان جەستەیی بوونەتە سیستماتیک، هێرشەکانی ئەم دواییە نموونەی ئەم سیاسەتەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنان لە کاتی کارکردندا هەراسان دەکرێن، باش دەزانین ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم سیاسەتانە لەم پرۆسەیەدا چییە، دەیانەوێت ژنان بخەنە ناو قەفەسێکەوە، ترس دروست بکەن و ژنان لە مەیدانەکە بکشێننەوە و ئەقڵیەتی پیاوسالاری زیاد بکەن، ئەم سیاسەتە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ سیاسەتەکانی ساڵانی نەوەدەکان، دەبێت وریا بین لەگەڵیان، ئێمەی ژنان لەسەر پێی خۆمان دەوەستین، ​​پێویستە هەموو توێژەکانی شار یەکبگرن و هەوڵی لەناوبردنی ئەو هێرشانە بدەن، هەرگیز نابێت ڕێگە بەم هێرشانە و ئەم ئەقڵیەتە بدەین.

 

"خەباتی ژنانی کورد دەکرێتە ئامانج"

فاتمە یەڵدزهان، ئەندامی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لە لقی ئامەد ڕایگەیاند، هێرشەکان بە ئامانجی خەباتی ژنانی کوردە، لە تورکیا و کوردستان سیاسەتی جیاواز لە دژی ژنان جێبەجێ دەکرێت و سیاسەتی تایبەتیان لەسەر بەڕێوەدەچێت.

 

فاتمە یەڵدزهان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو کێشانەی بەهۆی ئەو هێرشانەوە دروست دەبن، کێشەی ئەمڕۆ نین، ئەم هێرشانە لەبەر ئەوە ڕوودەدەن کە دەستکەوتەکانی ژنان و بزووتنەوەی ژنان لێرە بەهێزن، یەکەم ناوچەیە کە هەموو حزبە دەسەڵاتدارەکان دێن بۆ هێرشکردنە سەری، هێرشی ئەو گروپە ڕادیکاڵانە ئامانجیان پاشگەز خستنەوەی بزووتنەوەی ژنانی کوردە بۆ دواوە، ئێمە ئەزموونمان بەرامبەر بەم هێرشانە هەیە، گەورەترین هەڵوێست خەباتە، بە خەبات هێرشەکان لەناودەبەین، هەموو ژنان پێویستیان بە هەڵوێست و یەکگرتووییە.

 

"پێویستە ڕێوشوێنی سزایی بگیرێتەبەر"

سۆزان محەمەدئۆغڵو، یاریدەدەری بەرپرسی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-İHD لقی ئامەد، ڕایگەیاند، پێویستە دادوەرەکان هەنگاو بەرامبەر هێرشەکان بگرنەبەر و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنن، تاوانباران بە سیاسەتی بێ سزای هاندەدرێن، هەر بۆیە داوای لە هەموو ڕێکخراوە ناحکومییەکان و هاوڵاتیانی نیشتەجێی شارەکە کرد بێدەنگ نەبن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئامانجی سەرەکی لێرەدا دروستکردنی کەشوهەوای فشارە لەسەر خەڵک، دەیانەوێت پەیامی "ئێمە لێرەین، شوێنی ژیانتان سنووردار دەکەین" بە خەڵکی بگەیەنن، بە هۆکاری جیاواز هێرش بکەن و خۆیان زاڵ بکەن، هەروەها دەیانەوێت بە دروستکردنی ناکۆکی لە کۆمەڵگەدا هەڵاواردن قووڵتر بکەنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەفسەرە بەرپرسەکان هەنگاوی کاریگەر لەم بابەتەدا نانێن هیچ لێپرسینەوەیەک لە تاوانباران ناکەن، ئەگەر مرۆڤەکان نەتوانن لە ماڵەکانی خۆیان و لە کۆمەڵگەدا بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت بژین ئەوا ئاسودە نابن، بۆیە پێویستە بانگەواز بۆ دەوڵەت بکرێت بۆ وەستاندنی هێرشەکانیان.