لە هێرشەکاندا دوو هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی و ١٩ هەزار نەمام سووتێنراون

بە پێی زانیارییەکان، زیاتر لە دوو هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی و ١٩ هەزار نەمام لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سووتاون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ناوچە کشتوکاڵییەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی هاوار-ئانها بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە زیاتر لە دوو هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی لە گوندەکانی مەنبج، عەین عیسا، تل تەمر، زرگان، قامیشلۆ و عامودا سووتێنراون، لە گوندەکانی مەنبج هەزار و ٩٦١ هێکتار، لە گوندەکانی عەین عیسا ٢١٩ هێکتار، لە گوندەکانی تل تەمر ٩٤ هێکتار، لە گوندی زرگان ١٩ هێکتار و لە گوندەکانی قامیشلۆ و عامودا ١٥٠ هێکتار سووتێنراون.

 

١٩ هەزار داری زەیتون و فستق سووتاوە
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماری سووتانی دارە بەردارەکانیش خراوەتەڕوو، کە ١٩ هەزار داری زەیتون و فستق کە زۆربەیان دەکەونە کانتۆنی مەنبج سووتێنراون، ئەمەش لەکاتێکدایە لیژنەکانی فریاکەوتن کە لەلایەن ئیدارەی هەرێمەوە دامەزراون، هەمیشە ئامادە بوون و ڕێگەیان بە زیانی زیاتر نەداوە.

 

محەمەد دەروێش، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی گرێسپی و ئەندامی لیژنەی فریاکەوتن ڕایگەیاند، تیمەکانیان ٤٤ ئاگریان دامرکاندووەتەوە.

 

تەلال حەمیدی، ئەندامی تیمی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانی گەلی مەنبج ڕایگەیاند، تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاکەوتن ٣٠٠ ئاگریان کوژاندەوە کە لە ناوچەکانیان کەوتوونەتەوە.