غەززە، سێ هەزار منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە مەترسی مردنیان لەسەرە

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە نزیکەی سێ هەزار منداڵ لە ئەنجامی هێرشەکانی کەرتی غەززە کە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، مەترسی مردنیان لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێشکەوتنێکی کەم لە گەیاندنی هاوکاری خۆراک بۆ باکووری کەرتی غەززە هەیە، لەکاتێکدا دەستڕاگەیشتن بە مرۆیی بۆ باشوور بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئەمەش منداڵانی زیاتر خستووەتە مەترسی بەدخۆراکییەوە.

 

ڕێکخراوەکە ڕوونیکردەوە کە، توندوتیژی و ئاوارەبوونی ترسناک کاریگەری لەسەر دەست گەیشتن بە دامەزراوە و خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی هەیە، ئەدیل خزر، بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەڵێت: منداڵان لە کەرتی غەززە بەهۆی نەبوونی پێداویستی خۆراک و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان بە بەرچاو خێزانەکانیانەوە گیان لەدەستدەدەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر بەخێرایی چارەسەر بۆ کێشەی ٣ هەزار منداڵ دەست پێنەکرێت، ئەوا مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە سەختەکان و دروستبوونی ژیانێکی سەخت بۆ هاوڵاتیان دروست دەبێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆشدارییەکانی ڕێکخراوەکە سەبارەت بە زیادبوونی مردنی منداڵان بەهۆی تێکەڵەیەکی ڕێگریکراو لە بەدخۆراکی و وشکبوونەوەی لەش و نەخۆشی، دەبوو ببێتە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی منداڵان، بەڵام هێشتاش ئەم وێرانکارییە بەردەوامە.

 

باسی لەوەشکرد، بە وێرانبوونی نەخۆشخانەکان و وەستانی چارەسەرکردن و کەمی پێداویستییە پزیشکییەکان، منداڵان زیاتر ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە، وتیشی: یونیسێف پێداویستی خۆراکی زیاتری هەیە، پێشتر ئامادەکاری بۆ کردووە بەڵام ڕێگە نادرێت بچێتە ناو کەرتی غەززەوە.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد، لە پێناو ڕێگریکردن لەم دۆخەی کە ئێستا منداڵان تێی کەوتوون پێویستە ڕێگە بدرێت بە چوونە ناوەوەی هاوکارییەکان، جگە لەوەش ئاگربەست لە نێوان هەردوولادا گرنگە بۆ ئێستای منداڵان.