ئەو منداڵەی لەگەڵ وێنەی باوکی گەورە بوو: تێکۆشانم بەردەوام دەکات

سۆزدار ئۆزدەمیر بۆ دیاریکردنی چارەنووسی باوکی بەناوی مەحمەت ئۆزدەمیر کە بێسەروشوێنە بەشداری چالاکی "با ونبووەکان بدۆزرێنەوە، تاوانباران دادگایی بکرێن" بووە  دەڵێت: لەگەڵ وێنەی باوکم گەورە بووم، هیچ یادەوەرییەکم لەگەڵ ئەودا نییە.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد- سۆزدار ئۆزدەمیر بەردەوامە لە خەباتی خۆی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی محەمەد ئۆزدەمیری باوکی، کە لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٧ لە زینداندا بێسەروشوێن بوو، سۆزدار ئۆزدەمیر، تەمەنی ساڵێک و ٦ مانگ بووە کە باوکی بێسەروشوێن بووە، ماوەی ٥ ساڵە بە بەرزکردنەوەی وێنەی باوکی هەموو هەفتەیەک بەشداری لە چالاکی "با ونبووەکان بدۆزرێنەوە و تاوانباران دادگایی بکرێن" دەکات، کە لەلایەن کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤەوە لە ئامەد ڕێکخراوە.

 

سۆزدار ئۆزدەمیر ئاماژەی بەوەکرد، وەک منداڵی کەسانی دیکەی ونبوو گەورە بووە، لەگەڵ چیرۆکی دەستگیرکردنی باوکی و ئەو ئەشکەنجەیەی بینیبووی، ئەو ڕۆژەی باوکی بێسەروشوێن بووە، هەڕەشەی لێکراوەو پیی وتراوە: دەتکوژین، خێزانەکەت ئێسکەکانت نابینن".

 

وتی: دوای ئەوەی هەڕەشەیان لە باوکم کرد، هیچ زانیارییەکمان دەربارەی دەستنەکەوت، کاتێک یەکەم داواکاریمان پێشکەش کرد، وتیان تەرمەکە لەگەڵ ئێمەیە، دواتر نکۆڵیان لێکرد، دایکم چەندین ساڵە خەبات دەکات، بە بێ ماندووبوون هەوڵی دا بۆ دۆزینەوەی ئێسکەکانی، باوکمم بیر نایەتەوە.

 

"لەگەڵ وێنەی باوکم گەورە بووم"

سۆزدار ئۆزدەمیر داوای کرد باوکی گۆڕێکی هەبێت تا بچێت سەردانی بکات و وتی: خەباتی من بۆ هەمیشە بەردەوام دەبێت، دایکم ساڵانێک بەشداری لە چالاکییەکاندا کردووە و خۆشم ٥ ساڵە بەشداری چالاکی "با بێسەروشوێنەکان بدۆزرێنەوە و تاوانباران دادگایی بکرێن" دەبم، داوا لە هەموو خێزانەکان دەکەم خاوەنداری لە بێسەروشوێن بووەکان و داهاتووی خۆیان بکەن و ئەم ڕێگایە بەجێ نەهێڵن، بە وێنەی باوکم گەورە بووم، هەرگیز گوێم لە دەنگی ئەو نەبووە، هیچ یادەوەرییەکم نییە، ئەم وێنەیە بە شکۆمەندی و شانازییەوە ‌هەڵدەگرم.

 

"ئێمە لەگەڵ بنەماڵە و کەسانی ونبووەکانین"

سوزان محەمەد ئۆغڵو، جێگری سەرۆکی لقی ئامەدی IHD بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، خەبات بۆ بێسەروشوێنەکان زیاتر لە ٣٠ ساڵە بەردەوامە، لەم جوگرافیایەدا چیرۆکی زۆرێک لەو منداڵانە هەیە کە هێشتا لە سکی دایکاندا بوون باوکیان لەدەستداوە.

 

وتیشی: حکومەت هەرگیز وەڵامی داواکاری و پرسیارەکانی خێزانەکانی نەداوەتەوە، هەروەها نیازیان نییە وەڵام بدەنەوە. ئەگەر وەڵامیان دایەوە، دەبێت سەرەتا خۆیان سزا بدەن، ئەوان نایانەوێت کۆببنەوە، بەڵام ئێمە هەمیشە بەردەوام دەبین لە خەباتمان، لەگەڵ خێزانەکان و ونبووەکانداین، دووبارەی دەکەینەوە؛ "با ونبووەکان بدۆزرێنەوە، تاوانباران سزا بدرێن.

 

محەمەد ئۆزدەمیر ماوەی ٢٧ ساڵە بێسەروشوێنە

محەمەد ئۆزدەمیر لە ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی ئاراکی لە ناوچەی لیجەی ئامەد لە دایک بووە، هاوسەرگیری کردووە و باوکی ٧ منداڵە، گوندی محەمەد ئۆزدەمیر هەمیشە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە هێرشی کراوەتەسەر. بەهۆی فشاری دەوڵەت لە ساڵانی نەوەدەکان، خێزانەکەی محەمەد ئۆزدەمیر گواستراونەتەوە بۆ ئامەد، محەمەد ئۆزدەمیر جار جار دەچوو بۆ گوندەکەی خۆی بۆ ئەوەی کشتوکال بکات، و دوای سوتاندنی گوندەکە، محەمەد ئۆزدەمیر لە ناوەندی ئامەد نیشتەجێ بوو، لەوێ دەستی کرد بە ژیان و بژێوی بۆ خێزانەکەی.

 

لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٧، محەمەد ئۆزدەمیر ئاماژەی بەوەکردبوو، دەچێت بۆ بازاڕی ئاژەڵان، دوای ئەوەی سەردانی ماڵی هاوڕێیەکی دەکات، دەچێت بۆ قاوەخانەیەکی نزیک بازاڕی باخچەکە، محەمەد ئۆزدەمیر لە کاتێکدا لەگەڵ هاوڕێکانی لە قاوەخانەکە دانیشتبوون، بەزۆر لەلایەن دوو کەسەوە بە چەکی بێتەل ڕفێندرابوو. دوای ڕووداوەکە، ئینزیلە ئۆزدەمیر داوای لە IHD کرد بۆ دۆزینەوەی هاوژینەکەی و داوای یارمەتی یاسایی کرد.

 

تورکیا بە قەرەبووکردنەوە سزادرا

ئینزیلە ئۆزدەمیر بە هاوکاری پارێزەران داواکاری پێشکەش بە داواکاری گشتی ئامەد کرد، وترا کە محەمەد ئۆزدەمیر دەستبەسەر نەکراوە، ئینزیل ئۆزدەمیر لە ڕێگەی یاسای ناوخۆوە ئەنجامی بەدەستنەهێنا، لە ٧ی ئەیلوولی ١٩٩٩، بەهۆی ڕفاندنی بەزۆری محەمەد ئۆزدەمیر لە AIHM سکاڵای تۆمار کرد، سەرەڕای هەموو داواکارییەکان، هیچ زانیارییەک لە محەمەد ئۆزدەمیرەوە وەرنەگیراوە، لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨، AIHM بڕیارێکی لەسەر کەیسەکە دەرکرد و تورکیای بە قەرەبووکردنەوە سزادا.