هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و هەراسانکردن لە شوێنی کاردا دەستپێدەکات

گروپی دادپەروەری ئابووری لە بەیاننامەیەکدا داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد بەزووترین کات ڕێککەوتنی گرنگ و بنچینەیی C190 پەسەند بکەن کە ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەراسانکردنە لە شوێنی کاردا.

ناوەندی هەواڵ

 

گروپی دادپەروەری ئابووری تۆڕی عەرەبی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی ژنان، ئەمڕۆ ٢ی ئایار بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە هەڵمەتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە دروشمی "هەموومان مافی ئەوەمان هەیە لە ژینگەیەکی سەلامەتدا کار بکەین بەبێ توندوتیژی و هەراسانکردن بە دادپەروەری و یەکسانی تەواو" ڕاگەیاند.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ڕۆژی جیهانی کرێکاران هەمیشە ڕۆژی خەبات بووە کە یادی خەبات و دەستکەوتەکانی کرێکارانی ژن و پیاو دەکاتەوە، ئامانج لێی دروستکردنی دەرفەتە بۆ دووپاتکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکانیان بەگوێرەی ستانداردەکانی مافی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ ڕێزگرتن و جێبەجێکردنی پەیماننامەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و تیشک خستنە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی کرێکاران دەبنەوە.

 

"بارودۆخی ژنان لە کەرتی تایبەتدا خراپتر بووە"

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بارودۆخی ئەو ژنانەی لە کەرتی تایبەت لە ناوچەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکەن بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە بەتایبەتی دوای پەتای کۆرۆنا، بەهۆی نەبوونی یاسا و ڕێوشوێنەکان کە ڕێگری و پاراستن بۆ کرێکاران لە شوێنی کار و لە هەموو ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بەو ژنانەوە هەیە، هەروەها ئازاردانی ژنان بەهۆی ململانێ و داگیرکارییە چەکدارییەکانەوە لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیدا.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئەمساڵ هەڵمەتی خۆمان بە دروشمی 'هەموومان مافی ئەوەمان هەیە لە ژینگەیەکی سەلامەتدا کار بکەین بەبێ توندوتیژی و هەراسانکردن بە دادپەروەری و یەکسانییەکی تەواوەوە، بە جەختکردنەوە لەسەر پەیماننامەی C190 دژی توندوتیژی و هەراسانکردن لە شوێنی کار کە لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کار لە ساڵی ٢٠١٩ دەرچووە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، ٥ ساڵ بەسەر دەرکردنی ئەو پەیماننامەیە تێپەڕیوە بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کرێکارانی هەرێمی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت و داواش لە وڵاتانی عەرەبی دەکات بەزووترین کات ئەم پەیماننامە گرنگ و بنەڕەتییە پەسەند بکەن کە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەراسانکردن لە ژینگەی کاردایە.

 

پەسەندکردنی پەیماننامەکە دەبێتە هۆی خێراکردنی پەسەندکردنی ڕێوشوێنی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی هەراسانکردنی شوێنی کار لەڕێی پەسەندکردنی یاسا و سیاسەتەکانی قەدەغەکردنی توندوتیژی و هاندانی خاوەنکارەکان بۆ پەرەپێدانی ئەو سیاسەتانەی کە ژنان و پیاوان لە توندوتیژی و هەراسانکردن لە کەرتی حکومی و تایبەتدا دەپارێزن، هەروەها ناچارکردنی دەوڵەتەکان بۆ دابینکردنی چارەسەر و میکانیزمەکان بۆ قەرەبووکردنەوە و چاودێریکردن و بەدواداچوون و خزمەتگوزاری بۆ قوربانیان و هەروەها پاراستنی زانیاری و شایەتحالەکان.