عەفرین، خێزانی منداڵێکی کوژراو داوای خۆپیشاندان دەکەن

منداڵێکی کورد بە ناوی ئەحمەد خالید مامۆ کە لە جندرێسی عەفرین دەژی، کوژرا، خێزانەکەی داوایان لە هاوڵاتیان کرد ئەمڕۆ لەبەردەم ناوەندی چەتەکانی ئاسایشی شارستانی خۆپیشاندان بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە عەفرین کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە تورکیاوە داگیرکراوە، هەموو ڕۆژێک پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە بەدەست گەیشتووە، پیاوێک بە ناوی یامین ئەحمەد ئیبراهیم کە خەڵکی ئیدلیبە و لە عەفرین دەژی، منداڵێکی کوردی بەناوی ئەحمەد خالید مامۆ تەمەن ١٥ ساڵ کوشتووە و لە ڕێگای گوندی تل سیلور فڕێیداوەتە ناو بیرێکەوە.

 

بەگوێرەی زانیارییەکان، یامین ئیبراهیم لە نانەواخانەی باوکی ئەو منداڵە کار دەکات کە کوشتوویەتی.

 

سەرەڕای ئەوەش، خێزانی منداڵەکە لە جندرێس داوایان لە هاوڵاتیان کرد ئەمڕۆ لەبەردەم ناوەندی چەتەکانی ئاسایشی شارستانی عەفرین چالاکی ئەنجام بدەن، بنەماڵەی منداڵەکە ڕایانگەیاند هەتا بکوژەکە ڕادەست نەکرێت، تەرمی منداڵەکەیان بەخاک ناسپێرن.

 

هەروەها داوایان لە خەڵکی عەفرین کرد پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان و داواکارییەکانیان بکەن و کۆتایی بە پێشێلکارییەکانیان بهێنن.