عەفرین، لە ماوەی ٢ مانگدا ٤ کەس کوژراون و ٩٤ کەسیش ڕفێندراون

لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ٤ کەسیان کوشتووە کە ٢یان ژن بوون و ٩٤ کەسیشیان لە عەفرینی داگیرکراو ڕفاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی تورکیا لە کانتۆنی عەفرین، کە لە ساڵی ٢٠١٨ داگیری کردبوو، بەردەوامە لە ئەنجامدانی کوشتن و ڕفاندن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ٢٠ی شوبات، ٤ هاوڵاتی کوژراون و ٩٤ هاوڵاتی دیکەش ڕفێندراون.

 

لە مانگی یەکدا ٢ ژن کوژراون، ١٥ ژنە گەنج ڕفێندراون
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا لە ڕاپۆرتی مانگی یەکی ئەمساڵدا وەبیری هێنایەوە کە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ٤ هاوڵاتییان کوشتووە کە ٢یان ژن بوون، هەروهەا بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ٥٣ هاوڵاتییان ڕفاندووه که ١٥یان ژنی خوار تەمەنی یاسایی و ٢ منداڵن.

 

پەیوەست بە هەمان بابەتەوە، ناوەندی بەڵگەنامەی پێشێلکارییەکان ڕاپۆرتێکی لەسەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ٢٠ی شوباتدا بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە تا ڕۆژی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە ٤١ هاوڵاتی ڕفێندراون.