ئەنجامی کۆنفرانسی ژنانی ئێزدی لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕاگەیەندرا
ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردی ئێزدی، کە دوێنێ لە پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل بەڕێوەچوو، ڕاگەیەندرا.
ناوەندی هەواڵ
٣٠ کانوونی دووەم کۆنفرانسێک لە پەرلەمانی ئەوروپا بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی چەتری ئەنجومەنەکانی ژنانی ئێزدی و ناوەندی یەکێتی کۆمەڵە ئێزدییەکان بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا فەرمانەکان لەسەر ئێزدییەکان و بەتایبەت فەرمانی ٧٤ لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجامدرا، خرایە بەرباس و باس لە دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری و دۆخی شەنگال و گەڕانەوە و هێرشەکان کرا.
لە کۆتایی کۆنفرانسی ژنانی ئێزدی لە پەرلەمانی ئەورووپا، سەرنجیان خستەسەر دۆخی کۆمەڵکوژی دژی کۆمەڵگە و ژنانی ئێزدی دوای هێرشی چەتەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، هەروەها بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای تاوانەکانی جەنگی نێودەوڵەتی لاهای کرا، کە بە فەرمی کارەساتی کۆمەڵگەی ئێزیدی وەک جینۆساید بناسێنن و دەستبەجێ هەنگاو بنێن، جگە لەوەش بانگەوازێکی بەپەلە کرا بۆ پاراستنی سەلامەتی گەلی ئێزدی و مافی ژنان و پاراستنی کولتوورەکەیان.
"پێکهاتەی ئێزدی لەژێر هەڕەشەی جیددی دایە"
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە خرایەڕوو، باس لەوە کرابوو کە لە ساڵی ٢٠١٤دا کۆمەڵکوژی دژ بە کۆمەڵگە ژنان دەکرێت، "هەزاران ساڵە ژنانی ئێزدی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرگریکاری کولتوور و زمان و ناسنامەی ئێزدی بوون، ژنانی ئێزدی لە ڕووی یادەوەری و باوەڕ و ناسنامەی کۆمەڵایەتییەوە لەسەر بنەمای مێژوویین، پەیوەندی نێوان کۆمەڵکوژی و جینۆساید ئەوە دەردەخات کە بوونی پێکهاتەی ئێزدی لەژێر هەڕەشەی جیددیدایە، تەنانەت ئەمڕۆش بە هەزاران ژنی ئێزدی لە بازاڕەکانی وڵاتانی جیاوازدا وەک کۆیلە دەفرۆشرێن، عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرپرسیارن لەو کۆمەڵکوژییە و داوا دەکەین کە ئەمە ڕوون بکرێتەوە".
لە کۆنفرانسەکەدا ئەم بڕیارانە درا بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و کۆمەڵکوژی نوێ لە شەنگال:
١- داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکانی جەنگ لە لاهای، لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە بکەن کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و زۆرێک لە ئەنجومەنە نیشتمانییەکان دڕندەییەکانی شەنگالیان بە جینۆساید ناساندووە، داوا لە پەرلەمانەکانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە فەرمی دان بە جینۆسایددا بنێن. هەروەها داوا دەکەین ئەو دەوڵەت و دامەزراوانەی دان بە جینۆسایددا دەنێن هەنگاو بنێن بۆ لێپێچینەوە لە بەرپرسان و پێویستە هەوڵی نێودەوڵەتی بدرێت بۆ ئازادکردنی هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی کە ئێستا لە دەستی داعشدان، پێویستە ئاستەنگەکانی ئێستا لاببرێن بۆ ئەوەی گەلی ئێزدی کە لە فەرمانی ٧٤دا ناچار بوون شوێن و ناوچەکانی خۆیان بەجێبهێڵن و لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، بتوانن بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.
٢- داواکارین بانگەوازی لە پەدەکە بکرێت بۆ وەستاندنی ئەو هەنگاوانەی کە گەڕانەوەی گەلی ئێزدی قورس دەکەن، داوا لە هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ و پاککردنەوەی مین لەو کەمپانەی چەتەکان دانراون و پشتیوانی لە ئاوەدانکردنەوەی شاری وێرانکراوی شەنگال بکەن.
٣- تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوە و دۆسیەیەک لە دژی ئەو وڵاتانە نەکراوەتەوە کە پشتیوانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکەن بەتایبەت تورکیا، ئەم دۆخە نەک هەر شەرمەزارییە، بەڵکو ڕێگا بۆ کۆمەڵکوژی خۆش دەکاتەوە، ئێمە گرنگی بەو ڕاپۆرتە دەدەین کە بە ناوی "بەرپرسیارێتی دەوڵەت و جینۆسایدی ئێزدییەکان" کە لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٢ لەلایەن لیژنەی دادی ئێزدییەکان (یەژەکە)ەوە بڵاوکرایەوە.
٤- کۆنفرانسی چوارەم پێشوازی لەو وڵاتانە دەکات کە فەرمانی ٧٤ بە جینۆساید دەناسن و داوایان لێدەکات لە ڕێگەی سیاسەت و دیپلۆماسی و یاساوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ڕابگرن.
٥- لە کۆنفرانسەکەدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا کرا کە لە ڕێگەی دادگا یان کۆڕبەندی نێودەوڵەتییەوە بە خێرایی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی دژ بە ئێزدییەکان بکەن لە ساڵی ٢٠١٤ و دواتریشدا و ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دادگایی بکرێن.
٦- داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق و پەرلەمانی ئەوروپا کرا کە چەمکی قڕکردنی ئێزیدییەکان و درێژەدان بە کوشتنی ژنان بە ڕێککەوتنی ٩ی ئۆکتۆبەر هەڵبوەشێننەوە بە هۆی بەرژەوەندی جیۆستراتیژیکەوە و بە بەردەوامی چاودێری جینۆسایدی کۆمەڵگا و جینۆسایدی ژنان بکەن و چارەسەر لەلای ڕێکخراو و دامودەزگا ئێزدییەکان لە شنگال بدۆزرێتەوە.
٧- بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) و کۆمیسیۆنی ژنان لە یەکێتی ئەوروپا کرا بۆ دیاریکردنی ئەو وڵاتانەی کە بازرگانی بە ژنان و کچانی ئێزدیەوە دەکەن لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی تایبەتەوە و دەستپێکردنی ڕێکاری یاسایی.
٨- بانگەوازی لە پەرلەمانی ئەوروپا کرا کە ڕۆژی ٣ی ئاب وەک ڕۆژی ژنکوژی دژ بە ژنان دیاری بکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کۆمەڵکوژی ژنان نەخرێتە نێو ستراتیژی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلیتیکی.
٩- لە کۆنفرانسەکەدا بانگەوازێک کرا بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە فەرمانی ٧٤یان دژ بە ئێزدییەکان بە جینۆساید ناساندووە، بۆ دەستەبەرکردنی مافی ئێزدییەکان بۆ چارەنووسی خۆیان لە سنوورەکانی عێراقی فیدراڵیدا.
١٠- بۆ ئەوەی ئێزدییەکان لە شوێنی خۆیان بە سەلامەتی بژین، پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئەو شارە هەیە کە لە ساڵی ٢٠١٤ زیانی پێگەیشتووە.
١١- لە کۆنفرانسەکەدا بانگەواز کرا کە پەدەکە ئێزدییەکان و بەتایبەت ژنانی ئێزدی لە کەمپەکانی باشووری کوردستان، کە بە دیل دەزانێت، پێویستە واز لە هەڕەشە و دیل گرتنی ئێزدییەکان بهێنن و ڕێگە بە خەڵکی شەنگال بدەن بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.
١٢- لە کۆنفرانسەکەدا بانگەوازێک کرا بۆ قەدەغەکردنی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر شەنگالدا و هەروەها داواکرا کە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی کۆنترۆڵ بکرێن و ڕابگیرێن.
١٣- لە کۆنفرانسەکەدا داوا کرا کە ئەوروپا و جیهان سیاسەتەکانی سنووردارکردن و تاوانبارکردنی هەموو جۆرە سیاسەت و خۆبەڕێوەبردن و ڕێکخستنەکانی کورد ڕابگرن و کۆتایی بە "تیرۆر"کردنی بەرخۆدانی ئازادیی شەنگال بهێنن.
١٤- لە کۆنفرانسەکەدا بانگەوازی یونسکۆ کرا کە شوێنەواری کولتووری و مێژوویی ئێزیدییەکان وەک میراتی جیهانی بناسێت و لە میکانیزمە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکاندا کار بۆ پاراستنیان بکات.
١٥- لە کۆنفرانسەکەدا داوا کرا کە باوەڕی ئێزدییەکان لە هەموو جیهان و بە تایبەتی لە عێراق بە فەرمی بناسرێنرێت.