تەقینەوەی نارنجۆکێک بووە هۆی گیان لەدەستدانی منداڵێک و برینداربوونی سێی دیکە

لە ناوچەی فازڵییەی بەغدا بەهۆی دەستكاریكردن و تەقینەوەی نارنجۆكێك لە ماڵێكدا، منداڵێك گیانی لەدەستدا و سێ منداڵی دیكەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

میدیا عێراقییەكان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ ٢٥ی کانوونی دووەم لە ناوچەی فازڵییەی بەغدا بەهۆی دەستكاریكردنی نارنجۆكێكی دەستی لەلایەن چەند منداڵێكەوە لە ماڵێكدا، نارنجۆكەكە پێیاندا دەتەقێتەوە.

 

 ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی ڕووداوەکە منداڵێك گیانی لەدەستدا و سێ منداڵی دیكەش برینداربوون، هەروەها دواى ڕووداوەکە هێزی ئەمنی گەیشتوونەتە شوێنەکە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەكە كردووەتەوە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە لە ئێستادا حكومەتی عێراق بودجەیەكی تایبەت كردووە بۆ كڕینەوەی چەك لە هاوڵاتیان، بە مەبەستی نەهێشتنی چەك لە دەستی هاوڵاتی و پاراستنی هاوڵاتیان لە ڕووداو كارەساتی دڵتەزێن.