دانیشتووانی مەخموور کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکان دەربڕی: بێدەنگی بێ ویژدانە

دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزار کرد ئاماژەیان بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات.

مەخموور

 

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەبێ وەستان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، لە ١٢ی کانوونی دووەمدا هێرشەکانی دەستپێکردەووەو هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ٨٠ ناوەند کە زۆربەیان سەرچاوەی سەرەکی ژیان و ناوەندی خزمەتگوزارین ئەنجام داوە.

 

دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەریان شەرمەزار کرد، سەرەتای ڕاگەیەندراوەکە لە کۆمەڵەی بنەماڵەی شەهیدان بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد، دوای ڕێزگرتن، سوڵتان یڵدزتان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عشتار قسەی کرد.

 

"هەموو جیهان لەبەرامبەر کردارەکانی دەوڵەتی تورک کەڕو کوێرن"

سوڵتان یڵدزتان ئاماژەی بەوەکرد بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی هەیە بەرامبەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: لەبەر ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە چیاکانی کوردستان، ناتوانێت بەرگەی بەرخۆدانی گەریلا بگرێت هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەموو سەرچاوە زیندووەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج و بۆردومانی دەکات، بەڵام جیهان  کەڕ و کوێرن لە بەرامبەر کردارەکانی دەوڵەتی تورک، ئەوان دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان کە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بنیاد نراوە، ئەمڕۆ دەیانەوێت دەستکەوتەکانمان لە دەست بدەین، ڕۆژئاوای کوردستان جیهانی لە دەستی داعش ڕزگارکرد و لە تاریکی هێنایە دەرەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەوان خاوەنداری لە ڕۆژئاوای کوردستان ناکەن، جێگای  شەرمەزارییە.

 

"بێدەنگی بەرامبەر ئەم هێرشانە بێ ویژدانییە"

سوڵتان یڵدزتان ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و وتی: وەک گەلی کورد نابێت بێدەنگ بین بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە هەموو شوێنەکانی گاز و گەنم و کارەبا و ئاو و هەموو سەرچاوەکانی ژیانی کردووەتە ئامانج،  دەیانەوێت گەلەکەمان لە ژیان داببڕن، دەیانەوێت سەرکوتیان بکەن پێویستە کاردانەوەکانمان نیشان بدەین، بێدەنگی بەرامبەر ئەم هێرشانە بێ ویژدانییە.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوا لە هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان کرا کە دەستبەجێ ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بوەستێنن.

 

بەیاننامەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "شەهید نامرن" کۆتایی هات.