"داواکاریی زیندانییەکان داواکاریی گەلی کوردستانە"

کەسوکاری زیندانییەکان لەبەردەم کامپی زیندانییەکانی کورکچولەری ئەدەنە داوایان لە وەزارەتی داد و سی پی تی کرد و وتیان: داواکاری زیندانیانی سیاسی داواکاری گەلی کوردە.

ناوەندی هەواڵ

 

کەسوکاری زیندانییان بۆ داوای ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەپێشەنگایەتی کۆمەڵەی ئاکدەنیز بۆ هاوکاری و پشتیوانی لە زیندانییەکان و سزادراوان "AATUHAY-DER" چالاکی ئێشکگری دادپەروەرییان لە ئەدەنە دەستپێکردو لە ٣٨ ڕۆژەمینیدا بەردەوامە.

 

سەرەڕای بارانبارین ئەمڕۆ لەبەردەم زیندانی کورکچولەری ئەدەنە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو دایکانی ئاشتی و کەسوکاری زیندانیان، هێلین کایاو سەیفەتین ئایدەمیر، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "پارتی دەم" پیشەنگانی پارتی لە ناوەندەکان و ناوچەکان بە دروشمی "بۆ دادپەروەری، گۆشەگیری تێکدەشکێن، بۆ ئاشتی دیموکراتیک دەبین بە دەنگی زیندانەکان" بەشدارییان کرد.

 

"گۆشەگیری لە ئیمرالی کردارێکی دژە مرۆڤایەتییە"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: مانگرتن لە خواردن لە ١٠٦ زیندان دەستیپێکردووە وەک بەشێک لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" و کەسوکاری زیندانییەکان لە دەرەوە ئێشکگری دادپەروەرییان دەستپێکردووە، گۆشەگیری ئیمراڵی کردارێکی دژە مرۆڤایەتییەو داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسی داواکاری گەلی کوردە، داوا لە وەزارەتی داد و کۆمیتەی ئەوروپا بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە "CPT" دەکەین بۆ ئەوەی مانگرتن لە خواردن نەگۆڕێ بۆ قۆناغێکی مەترسیدار داواکاری زیندانییان جێبەجێ بکرێت.