وریشە مورادی ئەندامی کژار لە زیندانی ئەڤین زیندانی کراوە

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، وریشە مورادی ئەندامی کژار لە زیندانی ئەڤین لە تاران زیندانی کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" لە ١ی ئاب لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە ڕفێندراو و دەستگیرکرا، وریشە مورادی، نزیکەی ٧٠ ڕۆژە هیچ زانیارییەک دەربارەی نییە، لە زیندانی سانێ لە سنە دەستگیرکراوە و ئەشکەنجە دراوە.

 

خێزانەکەی تەنها یەک جار توانیویانە بیبینن

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وریشە مورادی لە مانگی ئابدا ڕەوانەی زیندانی ئەڤین لە تارانی پایتەختی ئێران کراوە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لەو ماوەیەدا وریشە مورادی تەنها یەک جار خێزانەکەی بینیوەو ڕێگەی پێنادرێت لەگەڵ پارێزەرەکەیدا کۆببێتەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: وریشە مورادی ئەندامی کژار دوای دەستبەسەرکردن ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی هەوڵگری ئیران "ئیتلاعات" کرا لە سنە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە دەستگیرکرا و ئەشکەنجەدرا، لە کۆتایی مانگی ئابدا، لە سنەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی ئەڤین لە تاران، لە ٨ی تشرینی یەکەم، ئاژانسی بێتاوان لە وەزارەتی ئیتلاعات دەستگیرکردنی سێ کەسی ڕاگەیاند کە ئەندامی کژارن و یەکێک لەوان وریشە مورادییە.