دووەمین کۆنفرانسی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان بەڕێوەچوو

لە شاری سلێمانی ئەندامان و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان دووەمین کۆنفرانسیان بەست و کە تیایدا خراپی باروودۆخی منداڵانیان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی ڕێکخراوی منداڵ پارێزی کوردستان، سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان بە دروشمی "هەوڵدان بۆ چەسپاندنی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان" دووەمین کۆنفرانسی خۆیان ئەنجامدا.

 

لە کۆنفرانسەکەدا ڕاپۆرتی گشتی کار و چالاکیەکانی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان خوێندرایەوە، هەروەها ئەندامان و بەڕێوەبەری سەنتەری مافەکانی منداڵان باسیان لە کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ژیانی منداڵان کرد، خستیانەڕوو، منداڵان ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەروونی و جەستەی دەبنەوە لە ئەنجامی کارکردن لە دەرەوە، هەروەها باسیان لە پەککەوتنی سیستمی پەروەردە کرد لە هەرێمی کوردستان، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان کردووە.

 

نەغەدە شێخ عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، لە کۆنفرانسەکەدا باسی لەوەکرد، کە دەبێت ڕێگری لە کارکردنی منداڵان بگیرێت، چونکە منداڵان تەنها بەرکەوتەی جەنگەکان نین، بەڵکو بەهۆی کارکردنیشەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 

ڕوناک ساڵح، بەڕێوەبەری کار و چالاکیەکانی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان، بۆ نوژنها ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەوەی لە داهاتوو کاری باشتر بۆ منداڵانی کوردستان ئەنجام بدەن هەڵستان بە ئەنجامدانی کۆنفرانسی ئەندامان و دەستەی بەڕێوەبەرایەتی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی سەنتەر و بەرەوپێشبردنی کارەکانیان، وتیشی: خۆشبەختانە لایەنی یاسایمان هەیە لە ڕێکخراوەکەماندا بۆ هەر کاروبارێکی یاسایی یان هەر بابەتێکی توندوتیژی دژی منداڵان لە قوتابخانەکان یان لەناو خێزانەکاندا.