"پێویستە خۆمان لە دژی هێرش و توندوتیژی ڕێکبخەین"

غوربەت ئیشلەک، ئەندامی ئەنجومەنی عەشتار لە مەخموور ڕایگەیاند، ٢٥ی تشرینی دووەم نیشانەی خەباتی ژنانە، کە هێزی ژنان دەتوانێت هەموو هێرشەکان بۆ سەر ژنان ڕابگرێت، بۆیە پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە خۆیان ڕێکبخەن.

بەرژین کارا

 

مەخموور- ئەنجومەنی عەشتار لە کامپی ئاوارەکانی مەخموور لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئێستا، لەسەر بنەمای ڕێکخستن و پەروەردە کارەکانی بەڕێوە دەبات، لە ١٦ی تشرینی دووەمدا، بە دروشمی "بە هاواری ژن، ژیان، ئازادی، تەونی ژیان دەهۆنینەوە" دەستپێکی هەڵمەتی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی ڕاگەیاند.

 

غوربەت ئیشلەک، ئەندامی ئەنجومەنی عەشتار لە مەخموور، سەبارەت بە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وتی: ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی کوشتنی خوشکەکانی میرابالە بە شێوەیەکی دڕندانە و دەستدرێژیکردنە سەر جەستەیانە، ئەمەش لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە و لەگەڵ بەردەوامی خەباتی ژنان لە سەرانسەری جیهان، کاتێک سەیری ئەمڕۆ دەکەین، هەرچەندە ساڵەکان تێپەڕیون، بەڵام هەمان عەقڵیەتی پیاوی دەسەڵاتدار و هەژموون بەردەوامە، لەو شەڕەی کە لە دژی گەڵان بەڕێوە دەچێت، زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ژن و منداڵ هەیە.

 

"هێزە دەسەڵاتدارەکان لە هێزی ژنانی ڕێکخراو دەترسن"

‌غوربەت ئیشلەک ڕایگەیاند، هەرچەندە هێرشەکان بۆ سەر ژنان توندترن، بەڵام بەهێزی خەباتی ژنان لە دژی ئەوان پەرەدەستێنێت، دەشڵێت: هێزە دەسەڵاتدارەکان لە هێزی ئەو ژنانە دەترسن کە خۆدروستن و ڕێکخراون و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن. هەروەها لە هەواڵەکاندا دەبینین کە ژنان ڕۆژانە بە ناوی خۆشەویستییەوە دەکوژرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و لە شەقامەکاندا توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، نەک هەر ژنی کورد، ژنان لە هەموو جیهاندا ئازار دەچێژن، بۆیە تەنها ژنان دەتوانن ئەم هێرشانە بوەستێنن و بشکێنن، ئێمەی ژنان دەبێ لە هەموو ڕوویەکەوە خۆمان ڕێکبخەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەم هێرشانە بۆ سەر ژنان بشکێنین.

 

ڕۆژی ٢٥ی مانگ ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوە دەچێت

غوربەت ئیشلەک ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی چالاکییەکانیان ڕێکخستن و بەرزکردنەوەی خەباتی ژنانە و وتی: وەک کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی، لە ژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی عەشتاردا لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی ئەم مانگەدا کۆمەڵێک چالاکیی بەڕێوە دەبەین لەسەر ئاستی خوێندکارانی ئامادەیی و ژنانی گەنج و گشتی کامپەکەدا، چالاکییەکانیش خۆیان لە سیمینار و سینەفیزیۆن و خەباتی بینراودا دەبیننەوە و لە ٢٥ی مانگیشدا ڕێپێوانێکی جەماوەری لەسەر ئاستی گشتی کەمپەکە ئەنجام دەدرێت.