١٣٠ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانەکانی بەرکەوتەی بوومەلەرزە دروست دەکرێت

ئەسمەهان ئیسماعیل، کارگێڕی مانگی سووری کوردی لە عەفرین-شەهبا، داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی کرد، هاوکاری خەڵکی ئاوارەکراوی عەفرین و ئەو خێزانانە بکەن کە زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزەکەی شوباتن.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا- بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ کە لە شاری مەڕەش لە باکووری کوردستان ڕوویدا و زیانی بە ڕۆژئاوای کوردستانیش گەیاند، لەوانە حەلەب و کانتۆنی شەهبا، کە هەزاران کەسی ئاوارەی عەفرین، دوای داگیرکردنی ناوچەکەیان تیایدا نیشتەجێ بوون.

 

سەدان کەس کە ماڵەکانیان وێران بووە و بەشێکیشیان زیان بەر خانووەکانیان کەوتووە، بەرەو کامپەکانی ئاوارەیی و گوندەکانی شەهبا کۆچیان کرد، کە ناوچەیەکە چەندین ساڵە ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان بووەتەوە، کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکانەوە پێشکەش دەکرێن.

 

بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئەو خێزانانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، مانگی سووری کورد لە عەفرین-شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە هاوکاری خەڵکی شاری سلێمانی و لەژێر ناوی  "کەمپەینی هاوخەمتانین"، یەکەی نیشتەجێبوونی لە شوێنە جیاوازەکانی کانتۆنی شەهبا دروستکرد.

 

ئەسماهان ئیسماعیل، کارگێڕی مانگی سووری کورد لە عەفرین-شەهبا وتی: بوومەلەرزەکە بووە هۆی وێرانکردنی زۆرێک لە ناوچەکانی سووریا، لەناویاندا گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، جگە لە ناوچەکانی کانتۆنی شەهبا، کە ئێستا بەدەست ژێرخانێکی وێرانبووەوە دەناڵێنێت بەهۆی ئەو شەڕانەی کە تێیدا ڕوویدا، ماڵەکانیشی شوێنی لەباری نیشتەجێبوون نین، سەرەڕای ئەوەش خەڵکی ئاوارەی زۆرەملێی عەفرین بەبێ گرنگیدان دەستیان بە ژیان کردبوو، بەڵام دوای بوومەلەرزەکە ناچاربوون جێی بهێڵن، چونکە بەهۆی داڕمانەوە چیتر شیاوی ژیان نەبوو،

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی خەڵک خۆیان لە بوومەلەرزەکە بپارێزن، ڕوویان لە کامپی ئاوارەییەکان کرد، کە بوونەتە شوێنێکی سەلامەت بۆ هەموو خەڵک، کمارەی خێزانەکانی ناو کامپەکان و گوندەکانی شەهبا زیادیکردووە، وەک هاوکارییەک پڕۆژەیەکمان پێشکەش کرد بۆ دروستکردنی ١٣٠ یەکەی نیشتەجێبوون و پڕۆژەکەش پەسەند کرا، ئەمەش بە هاوکاری خەڵکی سلێمانی دروست دەکرێت بە ناوی هەڵمەتی “هاوخەمی بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان".

 

سەبارەت بە دروستکردنی یەکەکان و دابەشکردنیان لە ناوچەی شەهبا، ئاماژەی بەوەشکرد، “پڕۆژەکە بەسەر ٣ ناوچەی شەهبادا دابەشدەکرێت، لەوانە دروستکردنی ٥٠ یەکەی نیشتەجێبوون لە گوندی بابنس، ٥٠ یەکە لە تل قەرەح و ٣٠ یەکە لە تل سوسین، هەر شوقەیەک دوو ژوور و چێشتخانە و حەمام لەخۆدەگرێت و سەرەتا پڕۆژەکە لە بابنیس دەستیپێکرد و لە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردندایە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم ژمارەیە لە یەکەکانی نیشتەجێبوون بەس نییە بۆ نیشتەجێکردنی هەموو خێزانە زیانلێکەوتووەکان، هەروەها هەوڵدەدەن یەکەکانی دیکە بۆ هەموو خێزانەکان دروست بکەن، بۆ ئەوەی هاوکاریان بکەن بەو پێیەی لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین لە ناوچەکەدا، کە بەردەوام بەرکەوتەی سیاسەتی جینۆساید بووە لەلایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە.