گەلی بۆتان دەستیان بە 'ڕێپێوانی ئازادی' کرد
بۆ هەڵگرتنی ئەو گۆشەگیرییە توندەی بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورددا سەپاوە و بەرجەستەکردنی ئازادیی جەستەیی ئەو ڕێبەرە، ئەمڕۆ ڕێپێوانی ئازادی لە بۆتان دەستی پێکرد.
ناوەندی هەواڵ
ماوەی ٣٢ مانگە هیچ زانیارییەک دەربارەی دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بڵاونەکراوەتەوە، لە دژی گۆشەگیریی توند و بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بە پێشەنگایەتی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپە، بزووتنەوەی ژنانی ئازاد-تەژەئە، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل-هەدەپ و فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی پشتیوانی یاسایی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیان و زیندانیانی مێد-MED TUHAD FED ڕێپێوانی ئازادی دەستی پێکرد.
دانیشتوانی شاری جزیرە لە شەرناخ، لەسەر ڕێگای ئامەد کۆبوونەوە و پێش دەستپێکردنی ڕێپێوانەکە، محەمەد زەکی یڵماز، پەرلەمانتاری هەدەپ، بە ناوی بەشداربووانەوە وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد ٢٥ ساڵە بەردەوامە، ئێمە لە دژی گۆشەگیری هەڵمەتێکمان دەستپێکرد، بۆیە هەرچەندە ئاستەنگیش بێتە ڕێگەمان، ئێمە بەرەو گەملیک بەڕێدەکەوین، ئێمە ناوەستین و بەرەو ئیمراڵی ڕێپێوان دەکەین، ئێمە لێرەوە دەچینە ئامەد و لەوێوە بۆ گەملیک، هەرکەسێک داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی دەکات، پێویستە بەشداری ئەم ڕێپێوانە بکات، چونکە ئەگەر ئەم گۆشەگیرییە هەڵبگیرێت، بێگومان ئاشتی و دیموکراسی پێکدێت.
بەشداربووانی ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت، نا بۆ گۆشەگیری" و چەپڵە لێدان کۆتاییان بە وتارەکە هێنا و ڕێپێوانەکە دەستی پێکرد.
لەلایەکی دیکەوە، لە شاری ڕەحا بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ئازادی، لە ناوچەی چورونی ڕەش کۆبوونەوە، تا تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، گەل دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت"یان دەوتەوە، پاشان گەل بە ئۆتۆمبێل بەرەو ئامەد بەڕێکەوتن، تا بەشداری ڕێپێوانی ئازادی بکەن.