“نا بۆ کوشتنی ژن... ژن، ژیان، ئازادی” سەرەتایەکی نوێ بۆ خەباتی ژنان

ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە ڕێگەی چالاکییەکانییەوە کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان و پەرەپێدانیان لە هەموو بوارەکاندا دەکات.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چوارەمین بانگەشەی خۆی ڕاگەیاند.

 

نەعیمە حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە، باسی لەوەکرد، دروشمی “نا بۆ کوشتنی ژن... ژن، ژیان، ئازادی”یان هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ خەباتی هەموو ژنان لەم ڕۆژەدا دژی توندوتیژی و کوشتن، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" خەباتیان ۆ گەشەپێدان و پەروەردەکردنی ژنان لەناو کۆمەڵگەدا بەرز دەکەنەوە.

 

نەعیمە حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، شۆڕشی ڕۆژئاوا بە "شۆڕشی ژنان" ناسرابوو، چونکە لە سایەی قوربانیدانی شەهیدان و ڕەنجی ژنان دەستی پێکرد و ئەو شۆڕشەش تا ئەمڕۆش بەردەوامە، وتیشی: دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"مان هەڵبژارد چونکە لە هەموو جیهاندا دەنگی داوەتەوە، بۆیە پێویستە ژنان بە ڕێکخستن ببن و تا ڕووبەڕووی هەموو شەڕێکی تایبەت و پێشێلکاری و زەوتکردنی مافەکانیان ببنەوە، جگە لەوەش ژنان مافی ژیانێکی ئازادانەیان لێزەوت دەکرێت و دەکوژرێن، بۆ ئەمەش پێویستی بە تێکۆشان هەیە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەزاران ساڵە ژنان لەژێر چەندین ناودا دەکوژرێن، لەنێویاندا “شەرەف”، وتی: پێویستە هەموو ژنان بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەن بۆ ئەوەی تۆڵەی ئەو کوشتن و پەراوێزخستنە بکەنەوە کە هەزاران ساڵە تووشی دەبن، ئێمەش بانگەوازی لە هەموو ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو جیهان دەکەین، تا بەشداری هەڵـمەتەکەمان ببن، کە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دادپەروەرییە، ژنان دەبێت بەرەنگاری ببنەوە و خۆیان پێشبخەن، بەرامبەر ئەو هێرشانە بوەستنەوە کە بەرامبەریان دەکرێت، بەتایبەتی لە خاکە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا وەک عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا نەعیمە حەسەن ڕوونیکردەوە، چالاکییەکانی هەڵمەتی چوارەم بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی سیمینار و گفتوگۆ لە هەرێمەکان، پێشکەشکردنی پەروەردەی جۆراوجۆر لە گوند و شارۆچکەکان، ئەنجامدانی کۆڕێکی گفتوگۆ لە هەرێمەکانی جەزیرە و عەفرین، ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی میدیایی، نووسینی بابەت لەسەر دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و بڵاوکردنەوەیان و سەردانیکردنی ژنانی دەستدرێژیکراو.