لەسەر داوای جیابوونەوە فەرماندەیەکی حوسییەکان لەبەردەم دایکیدا هاوژینەکەی دەکوژێت

دوای ئەوەی ژنێک لە ڕێگەی دادگاوە داوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی کرد، پیاوەکە کە فەرماندەیەکی حوسییەکانە تەقەی لە ژنەکە کردو کوشتی.

ناوەندی هەواڵ

 

پارێزگای جەوف لە باکووری ڕۆژهەڵاتی یەمەن شاهیدی کوشتنی ژنێکە لەلایەن هاوژینەکەیەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوانیان داوای جیابوونەوەی کرد.

 

سەرچاوە ناوخۆیی و میدیاییەکان ئاماژەیان بەوەکرد، عەبدولئیلا سەلمان، فەرماندەی حوسییەکان لە ناوچەی ئەلحەزم، ناوەندی پارێزگای جەوف، چووەتە ماڵی خێزانی هاوژینەکەی و چەند گولـلەیەکی بە سەری ژنەکەوە ناوەو دەستبەجێ کوشتوویەتی، ڕووداوەکە دوای ئەوە هاتووە کە ژنەکە لە ڕێگەی دادگاوە داوای جیابوونەوەی کردووە.

 

چالاکوانانی یەمەنی تۆمارێکی دەنگییان بڵاوکردەوە کە تیایدا دایکی ژنەکە هاوار دەکات بۆ یارمەتی دوای ئەوەی کچەکەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە، لە تۆمارەکەدا هاتووە:عەبدولئیلا سەلمان لەبەردەم چاوەکانمدا تەقەی لە کچەکەم کردووە دوای ئەوەی داوای جیابوونەوەی کردووە لە دادگا.

 

ئەوە لە کاتێکدایە ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤ کوشتن و بریندارکردنی سەدان هاوڵاتی مەدەنییان بە دەستی کەسوکاریان لە سەرکردە و ئەندامانی حوسییەکان تۆمارکردووە.