مامۆستا و خوێندکاران گردبوونەوە و داوای مافەکانیان دەکەن

ئەو بارگرانیەی لە خوێندنی ئەمساڵدا دروست بووە، خوێندکارانی نیگەران کردووە و بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان، کە تیایدا داوای چارەسەر دەکەن.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا لە شاری سلێمانی، خوێندکارانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی و مامۆستایانی ناڕازی بە خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی ڕۆشتنە بەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی بۆ داواکردنی مافەکانیان.

 

داواکاری خوێندکاران بریتییە لە کەم کردنەوەی وانەکانی ئەمساڵ یان گۆڕینی ساڵنامەی خوێندن، مامۆستایانیش داوا دەکەن شایستە داراییەکانیان بدرێت، وەڵامی پەروەردەی گشتیش ئەوەیە، کە تا خوێندکاران و مامۆستایان نەڕۆنەوە هۆڵەکانی خوێندن داواکارییەکانیان جێبەجی ناکرێت.

 

نڤار هیوا، خوێندکارێکی ناڕازییە و وتی: ئامانجمان لەم خۆپیشاندانە کەم کردنەوەی وانەکانی ئەمساڵ یان درێژکردنەوەی ماوەی تاقیکردنەوەی وزارییە، ئێمە چەنێکە دێینە سەر شەقام بۆ داواکردنی مافەکانی خۆمان، بەڵام حکومەت کەمتەرخەمە و تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکانمانی نەداوەتەوە، مامۆستایانیش پشتگیری لە داواکارییەکانی ئێمە دەکەن، چونکە دەزانن بارگرانیەک بۆ ئـێمە دروست بووە.

 

نگین عەلی، خوێندکار وتی: مامۆستاکانمان پشتگیریان لێ کردین تا بێینە سەر شەقام و داوای مافی خۆمان بکەین، چونکە ئەوە ناهەقیییەکە بەرامبەر ئێمە دەکرێت و چەنێک هەوڵ بدەین ناتوانین ئەو مەنهەجە تەواو بکەین کە بۆمان دانراوە لە چاو خوێندکارانی ناوچەکانی تری کوردستان، ماوەی سێ هەفتەیە دەوام دەکەین، بەڵام بەهۆی ئەو وانە زۆرەی پێمان دەدرێت ناتوانین بە باشی وەریبگرین، ئەمەش ساردمان دەکاتەوە لەوەی لە دواڕۆژدا ببین بە شتێک.

 

"وانەی بوێریمان فێری خویندکاران کرد"

پەروین عەبدوڵا، مامۆستای نارازییە و وەکو بەشداربوویەکی خۆپیشاندانەکە وتی: ئێمە ماوەی دوو مانگە لەسەر شەقامین بۆ داواکردنی مافەکانمان و ئێستاش پشتگیری لە خوێندکاران دەکەین، چونکە لە هیچ شوێنێک نەبووە بە بێ خوێندنی وانەکان خوێندکار بەشداری تاقیکردنەوەی وزاری بێت، ئێمە وەکو مامۆستایان پشتگیری داوای ڕەوای میلەتەکەمان دەکەین هەر کاتێک بێنە سەر شەقام، ئەمساڵ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنمان کرد، بەڵام گەورەترین وانەی بوێریمان فیری خوێندکاران کرد.