٤ هەزار کەس لە ناکۆکییەکانی سودان گیانیان لەدەستداوە

ناکۆکییەکانی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان بۆ ماوەی زیاتر لە ٧ مانگە بەردەوامە و وێرانکارییەکی زۆری بەجێهێشتووە و بووەتە هۆی خراپتربوونی دۆخی مرۆیی و گیان لەدەستدانی هەزاران کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

کاربەدەستانی سودان ئاماژەیان بەوەکرد، زیاتر لە ٤ چوار هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێراو سوپای سودان گیانیان لەدەستداوە، لە ویلایەتی دارفۆری ڕۆژئاوا دوای ئەوەی هێرشەکان زیادیان کرد لە هەوڵێکدا بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە.

 

وەزارەتی دەرەوەی سودان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئۆپەراسیۆنەکانی پاکتاوی ڕەگەزییان لە ویلایەتی دارفۆری ڕۆژئاوا زیاد کردووە و زیاتر لە چوار هەزار هاوڵاتی مەدەنییان کوشتووە لە هۆزی ماسالیت کە بە یەکێک لە گەورەترین هۆزە ئەفریقییە سودانییەکان دادەنرێت و لە ویلایەتی دارفوری ڕۆژئاوا بڵاوکراونەتەوە.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەدوای ستراتیژێکی بەمەبەستدا دەکەون بۆ چۆڵکردنی ویلایەتی دارفۆری ڕۆژئاوا لە دانیشتوانی ڕەسەنی خۆی و نیشتەجێکردنی ئەندامانی و چەکدارەکانی بەزۆر زۆربەی دانیشتوانەکەیان لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارە کردووە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەنگاوی جددیتر بنێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیی.

 

پێشتر نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی گواستنەوەی یەکخراو لە سودان ڕایگەیاند، ڕاپۆرت هەیە لەسەر پێشێلکارییەکان، لەوانە کوشتن دژی هۆزی مەسالیت لە ناوچەی ئاردامتای ڕۆژئاوای دارفور، لە کاتێکدا کۆبوونەوەیەکی مەدەنی کە چالاکوانانی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤی تێدایە لە ڕۆژئاوای دارفور ڕۆژی هەینی پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامن لە داگیرکردنی ئاردامتا و نزیکەی ٥ هەزار کەسیان کوشت و بریندارکرد.

 

کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران وتی: ٢٠ ساڵ لەمەوبەر جیهان تووشی شۆک بوو بە دڕندەیی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە دارفۆر، دەترسین جوڵەیەکی هاوشێوە گەشە بکات، پێویستە شەڕ و ئاگربەست لە سودان بوەستێندرێت هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە هەموو لایەکەوە دەکوژێت، بۆ ئەوەی لە کارەساتێکی نوێ دووربکەونەوە.

 

هەروەها کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران "UNHCR" نیگەرانییەکی زۆری هەیە سەبارەت بە ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی زایەندی، ئەشکەنجەدان، کوشتنی هەڕەمەکی، زەوتکردنی خەڵکی مەدەنی و بەئامانجکردنی گروپە ڕەگەزییەکان، هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە دەڵێن هەزاران ئاوارە ناچارکراون لە کەمپێک لە شاری ئەل جینینا هەڵبێن و ئاماژە بەوەدەکەن کە زیاتر لە ٨ هەزار کەس تەنها هەفتەی ڕابردوو هەڵهاتوون بۆ چادی دراوسێ.