ژنانی سووریا بەدیلێکی جیاواز لە دژی قەیرانی ئابووری پێشکەش دەکەن

لەبەرامبەر قەیرانی ئابووریدا، ژنانی نیشتەجێی سووریا بەرهەمی پیشە دەستییەکانیان بەرەوپێش دەبەن و هەوڵدەدەن بە کارەکانیان بژێوی خۆیان دابین بکەن.

ڕوشێل جونیۆر

 

سوەیدا- بارودۆخی شەڕ و قەیرانی ئابووری ساڵانێکە لە سووریا بەردەوامە و ئەمەش کاریگەری لەسەر خەڵکی سووریا کردووە کە هەژار ببن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی شکستی ئابووری لەو وڵاتەدا ژنانی سووری هەوڵ دەدەن بەدیلێکی جیاواز بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پێشکەش بکەن.

 

بەهۆی ئەو ململانێیەی سووریا کە ١٢ ساڵە بەردەوامە، زۆرێک لە ژنانی شاری سوەیدا کە هاوژینەکانیان لەدەستداوە، کێشەیان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا هەیە، نەجات عەلوی دایکی سێ منداڵە کە تەمەنیان لە نێوان ٣-٧ ساڵدایە، لە دوای لەدەستدانی هاوژینەکەی ژیانی سەخت بووە و دەڵێت: سێ منداڵی بچووکم هەیە، داهاتی ئەوەندەم نییە کە بتوانم پێداویستییەکانم دابین بکەم، هەر بۆیە دوکانێکی بچووکی قەسابخانەم کردەوە بۆ داهاتی منداڵەکانم.

 

نەجات باسی لەوەشکرد، وردە وردە کارەکانی بەرەو باشتر دەڕوات و دەڵێت: دواتر دزی لە دوکانەکەم کرا و کاتێکی سەختم بەسەر برد، بەڵام توانیم لەسەر پێیەکانم بوەستمەوە، لەبەرئەوەی ژنان خۆڕاگرن، بەبێ ئەوەی مرۆڤی هەژار بن، درێژە بە ژیانیان دەدەن، لە دەرەوەی دوکانە بچوکەکەم، کاتەکانم لەگەڵ منداڵەکاندا بەسەر دەبەم و پەروەردەیان دەکەم و کاروباری ماڵیشەوە ڕادەپەڕێنم.

 

"پێشتر کاری دەستیم دروست دەکرد"

ئیخلاس جەغامی، دایکی دوو منداڵە، وتی: کە بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری وڵاتەوە دەستم بە کارکردن کرد، بەهۆی باری تەندروستیەوە خاوەنی نانەواخانەکە لە کارەکەم دووری خستمەوە، دواتر بیرم لەوە دەکردەوە کە ئێستا و دواتر چی بکەم، لە ئەنجامدا ڕووم کردە کاری دەستی و بڕیارمدا بژێوی ژیانمی پێ دابین بکەم، ڕاستە کاتێکی زۆری دەوێت و سوودێکی زۆری نییە، بەڵام من ویستم لەم بوارەدا پێشبکەوم.