ژوان باقی، یەکەم کوردە بەشداری لە دیدارێکی هونەری وڵاتانی عەرەبی کردووە

بۆ یەکەمین جار شێوەکارێکی کورد لە دیداری هونەری ڕێکخراوی ‘ملتقی المبدعین’ بەشداری کرد و ڕێزلێنانی پێبەخشرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ملتقی المبدعین لە ساڵی ٢٠١٢وە دامەزراوە، ساڵانە دیدارێکی هونەری ساز دەکەن بۆ هونەرمەندان لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و بیانی، لەم دیدارەدا شێوە جیاوازەکانی هونەری شێوەکاری وەک 'پەیکەر، سیرامیک، گرافیک و تابلۆ' نمایش دەکرێت.

 

لە ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەم ئەمساڵدا، چواردەھەمین خولی دیداری داھێنەرانی ھونەری شێوەکاری نێودەوڵەتی 'ملتقى المبدعين الدولى' بە بەشداری ١٣٠ هونەرمەند، لە سەنتەری ڕۆشنبیری 'ساقیة الصاوی' لە شەقامی زەمالک لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر کرایەوە و تا ڕۆژی ٧ی هەمان مانگ بەردەوام بوو.

 

لەم دیدارەدا تا ئێستا هیچ کوردێک بەشداری نەکردووە، بەڵام بۆ ئەمساڵی دیدارەکە ژوان باقی شێوەکار بە تابلۆی ژنێکی کورد، بە سەرپۆشی سرکەییەوە کە ژەمانچەیەکی بە دەستەوەیە و ئاماژە بە بوێری ژنی کورد دەکات، وەک یەکەمین کورد بەشداری کرد و تیایدا ڕێزلێنانی پێبەخشرا.