لە هەفتەی توڕەیی شەقامدا مامۆستایان و فەرمانبەران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

لە بەرامبەر دواکەوتنی مووچە و وەستاندنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایاندا، بایکۆتی خوێندن بەردەوامە و ئەمڕۆش مامۆستایانی بەشێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە شەقام بوون.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی، هەرێمی گەرمیان، ڕاپەڕین و شاری هەڵەبجە مامۆستایان فەرمانبەران لە درێژەی هەڵمەتی بایکۆتی چوونە هۆڵەکانی خوێندنەوە گردبوونەوە و داوایان کرد شایستە داراییەکان و مافەکانیان پێبدرێت.

 

لە شاری هەڵەبجە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی مامۆستایانی ئاینی و ڕێکخراوەکان، مامۆستایان، خوێندکاران و کەسوکاریان ڕێپێوانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەڕێوەچوو.

 

کافیە حەمە ڕەشید، دایکێکە و بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان بەشداری ڕێپێوانەکەی کردووە و دەڵێت: هاتووم پشتگیری خەڵک و منداڵەکانم بکەم، کە سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و هێندە قەرزدارن کە مووچە وەردەگرن نازانن چی لێبکەن.

 

سروە ڕەسوڵ نۆ ساڵە وانەبێژە و داوا دەکات بە زووترین کات شایستە داراییەکانیان بدرێت و بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن، چونکە نەوەی داهاتوو چاوەڕێی مامۆستایانن.

 

شاگوڵ ڕەسوڵ مامۆستایەکی دیکەیە و ١١ ساڵە دامەزراوە، لە خۆپیشاندانەکەدا داوای مافەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: هەتا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە بایکۆت.

 

لە سلێمانی، ڕاپەڕین و گەرمیانیش، مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی گردبوونەوە و دەستیان بە ڕێپێوان کرد، ئامانجی سەرەکی مامۆستایان پێدانی شایستە داراییەکانیانە، کە ماوەی دوو مانگە نەدراوەتە مامۆستا و فەرمانبەران و لە دوای ساڵانی ٢٠١٣ بە دواوە، پلە بەرز کردنەوەی مووچەخۆرانیش وەستاوە.